رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خوێندن لەسەرجەم قوتابخانە و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە رادەگیرێت و تەنیا بە رێگەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت. هەروەها پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەکخۆی [سیستەمی ئاوێتە] بەردەوام دەبێت.
رۆژی یەکشەممە 11-04-2021 د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجام دا و دەقی بڕیارە نوێیەکانی خوێندنەوە.
لە خاڵی سێیەمی راگەیێندراوی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوە کۆرۆنا بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دراوە. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ناحکومی) رادەگیرێت و تەنیا بە رێگەی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت."
سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا. د.جووتیار عادل گوتی "خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەکو پێشوو بەشێوەی سیستەمی ئاوێتە بەردەوام دەبێت و وانەی پراکتیک لە کەمپسی زانکۆکان ئەنجام دەدرێت."
لە خاڵێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە دەوامی فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژانی پێنجشەممە دا ئاسایی دەکرێتەوە و لەم هەفتەیە جێبەجێدەکرێن.
ئەم بڕیارانە لە رۆژی 12-04-2021 دەچنە واری جێبەجێکردنەوە. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکات "پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەکان بن و دەمامک ببەستن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ