لقی دهۆکی کۆمیسیۆن: لە پارێزگای دهۆک 39 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە

10-12-2023
ژیڤان بەکر
هەوار جەلالەدین، پێشکێشکاری رووداو و خالید عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
هەوار جەلالەدین، پێشکێشکاری رووداو و خالید عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "ژمارەی دەنگەدەرانی ئاوارە 39 هەزارن، 32 هەزاریان لە نێو کەمپەکاندا دەنگ دەدەن و 7 هەزاریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەنگ دەدەن."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-12-2023، خالید عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بووڵتەنی نیڤرۆژی رووداو میوان بوو و ئاماژەی بەوەکرد: "چەند رۆژێکی کەم بۆ هەڵبژاردن ماوە، بڕیارە لە 16ی 12ی ئەم مانگەدا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت. هەموو پێداویستیی بنکەکان ئامادەن، ئامێرەکان ئەپدەیت کراونەتەوە. چاوەڕێین 14ی 12 ئامێرەکان دوو رۆژ پێش پرۆسەکە بگەنە بنکەکان و لێیان دڵنیا ببینەوە."
 
کارمەند و فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن لە سنووری پارێزگای دهۆک، خولی راهێنان و بەهێزکردنی سەرپەرشتیی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان بینیوە. 48 کاژێر پێش پرۆسەکە، ئامێر و پێداویستییەکانی بنکەکانی دەنگدان دەگەیێندرێنە بنکەکانی دەنگدان. ئامادەکارییەکان لە قۆناخی کۆتاییدان، کۆمیسیۆنی عێراق بڕیاری داوە، "بەدڵنیاییەوە 16ی 12ی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرتی تایبەت و کەمپەکان دەستپێدەکات".
 
خالید عەباس گوتیشی: "سەبارەت بە کارتی دەنگدانی هاونیشتمانیان، لە پارێزگای دهۆکدا 34 بنکە لە نێو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکاندا هەن کە بۆ ئاوارەکان دەستنیشان کراون. هەروەها ئێمە بۆ دەنگدەری تایبەتیش لە سەرانسەری پارێزگای دهۆکدا، 131 وێستگە کراونەتەوە. تیمە گەڕۆکەکانمان لە نێو کەمپەکان ئامادەنە کارتی دەنگدان بۆ ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە تاکو ئێستا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە. ئەو سەرژمێرییەی لای منە، تاوەکو دوێنێ لە سنووری پارێزگای دهۆک لە 64 هەزار دەنگدەر، تەنیا 300 کارتی دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە. رێژەی خۆتۆمارکردن 99٪ی تێپەڕاندووە، هەوڵ دەدەین ئەوانیش لە کاتی دەنگداندا دابەش بکەین؛ کارتی بایۆمەتریش دوا مۆڵەتی 13ی 12ی 2023یە."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە 17 ملیۆن کاخەزی دەنگدانی بۆ زیاتر لە 16 ملیۆن کەس چاپ کردووە، کە سەرانسەری دەنگدەرانی عێراق دەگرێتەوە (جگە لە هەرێمی کوردستان) و تۆماری بایۆمەترییان هەیە، دەتوانن دەنگ بدەن. بڕیارە لە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن. لەو بەربژێرانە 4 هەزار و 242یان لە رەگەزی نێرن، واتە 71.8٪ـی کۆی بەربژێران. هەروەها هەزار و 662شیان لە رەگەزی مێن، واتە 28.1٪ـی بەربژێران، بەو پێیە هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگا، زیاتر لە 20 بەربژێری بەردەکەوێت. 
 
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەبچێت، کە لە ساڵی 2013ـەوە، ئەم هەڵبژاردنە لە عێراق بەڕێوەنەچووە. خالید عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رووداو گوتیشی: "سەبارەت بەو کەسانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەژین و ناویان لە موسڵ، یان لە شنگال بێت، ئەگەر لە مانگی 7 و 8 سەردانی ئێمەیان نەکردبێت، دەبێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و لەوێ دەنگ بدەن؛ هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نابێت. تاوەکو ئێستاش لە پارێزگای دهۆکدا، هیچ کێشەیەکی ئاواش بۆ ئێمە دروست نەبووە. بەڵام دەبێت قەوارە سیاسییەکان رۆڵی خۆیان لەو بابەتەدا ببینن و هاوکار بن، ئێمەش ڕێگەیان بۆ خۆش دەکەین تاوەکو دەنگدەر دەنگی خۆیان بەئاسانی بدەن."
 
ژمارەی کورسیی پارێزگا سوننەکان 136 کورسییە وەک لە یاسای هەڵبژاردندا جێگیر کراوە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 26 کورسی پێکهاتووە کە حەوت کورسییان کۆتای ئافرەتانە. خالید عەباس لەبارەی ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارەوە بە رووداوی گوت: "ژمارەی دەنگەدەرانی ئاوارە 39 هەزارن، 32 هەزاریان لە نێو کەمپەکاندا دەنگ دەدەن و 7 هەزاریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەنگ دەدەن. ئەوانەی لە دەرەوەی کەمپەکانن 7 بنکەیان لە دهۆک و قەزای سێمێل و زاخۆ بۆ دەستنیشان کراوە؛ هەروەها 15 کەمپی دیکەمان لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن، ئەوانیش 16 بنکەیان بۆ دەستنیشان کراون؛ هێزی تایبەتیش 15 هەزار دەنگدەرمان هەن، ئەوانیش پێشمەرگە، زێرەڤانی، هاتووچۆ، پۆلیس و ئەوانی دیکەن کە کارتی دەنگدانیان موسڵە، بەڵام خۆجێیی ئەوان دهۆکە. بۆ ئەوانیش 11 بنکە و 35 وێستگەی دەنگدان دەستنیشان کراون. لە هەڵبژاردنی رابردوودا، یاسای فرەبازنەیی بوو، بەڵام ئێستا بە یاسای یەکبازنەیی بەڕێوە دەچێت."
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."