رووداو دیجیتاڵ
کارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، شایستەی مانگی شەشی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت، هەروەها مووچەی مانگی 9یان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە وەردەگرن، دوای ئەوەش بە ماوەیەک، شایستەی مانگەکانی 7 و 8 وەردەگرن.
کارۆخ عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری دابەشکردنی شایستەی مانگی شەشی ئەو مامۆستایانەی کە تازە کراونەتە گرێبەست، رانەگیراوە و رۆژی یەکشەممە لە سەرجەم پەروەردەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، زاخۆ، سۆران و راپەڕین دەستدەکرێت بە دابەشکردنیان.
مامۆستایانی گرێبەست مووچەی مانگی 9 لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە وەردەگرن، بۆ ئەم مەبەستەش "نووسراوی فەرمی کراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە پارەکەیان بنێردرێت بۆ بانقەکان بۆ ئەوەی مانگانە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت."
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست هەروەها بە رووداوی راگەیاند، وەرگرتنی شایستەی مانگەکانی 7 و 8 بە "ماوەیەکی کەم" دەکەوێتە دوای مووچەی مانگی 9 و وەک پارەی وانەبێژی شایستەکە وەردەگرن.
پێش ئەوەی قسە بۆ رووداو بکات، هەر ئەمڕۆ کارۆخ عەبدوڵڵا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندبوو، شایستەی ئەو دوو مانگە "لە دوای مووچەی مانگی 9 لە دەرفەتێکدا بە یەکەوە دابەشدەکرێت، بۆیە ئەم شایستەیە نافەوتێت".
هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو، ئێستا مامۆستایانی گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان سەرقاڵی تەواوکردنی مامەڵەی گرێبەستەکانیانن، "دوای تەواوبوونیان، راستەوخۆ لە بانکەکان بایۆمەتری UPNیان بۆ دەکرێت".
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، 37 هەزار و 933 مامۆستای گرێبەستی هەیە کە مووچەی مانگانەیان 400 هەزار بۆ 500 هەزار دینارە و کۆی گشتیی دەکاتە نزیکەی 18 ملیار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ