رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، 11 مامۆستای وانەبێژ لە بەردەڕەش بەهۆی بایکۆتەوە دەرکراون. یەکێک لە وانەبێژەکان دەڵێت، "بە ئێمەیان گوتووە ئاژاوەگێڕن." بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەشیش دەڵێت، "دوورخستنەوەی مامۆستایان هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبایەتییەوە نییە لەو 11 کەسەی دوورخراونەتەوە، حەوتیان پارتین."
لە 13ـی ئەیلوولەوە کە بە فەرمی دەوامی قوتابخانەکان دەستیپێکردووەتەوە، لە سنووری پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک بایکۆتی دەوامیان کردووە و داوای دامەزراندن دەکەن، دواتر بایکۆتی وانەبێژان سنووری پەروەردەکانی، شێخان، ئاکرێ و بەردەڕەشی گرتەوە.
رۆژی سێشەممە، 10-10-2023 کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێكی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانە راستەوخۆ بە فەرمانی وەزارەت دوورنەخراونەتەوە، بەڵکو ئەوانەی بایکۆتیان کردووە کەسانی خۆبەخشیان لە جێگایان داناوە بۆ ئەوەی لە راگەیاندنەکان وا بڵاوی بکەنەوە، کە ئەگەر هەر وانەبێژێک بایکۆت بکات ئەوە جێگایان پڕ دەکرێتەوە و دووردەخرێنەوە."
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی وانەبێژان: "بەپێی رێنمایی وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی لابردنی وانەبێژان تەنیا لای وەزیری پەروەردەیە. چۆن دەکرێت بەرپرسی لقێک وانەبێژێک دووربخاتەوە؟ ئەوە بەدەرە لە رێنماییەکان و ئەوەی دەکرێت تەنیا گوشارە ئەگەر سبەی بایکۆت بشکێنن دەتوانن بگەڕێنەوە قوتابخانەکانیان، بەڵام ئەوان نایانەوێت بایکۆت بشکێنن."
هەفتەی رابردوو لە نزیکەی "22 قوتابخانەی سنووری بەردەڕەش" بایکۆتی وانەبێژان دەستیپێکرد، کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەو 11 وانەبێژە هەشتیان پارتین و یەکێکیان یەکێتی کە ئەمڕۆ قسەیان لەگەڵ دەکرێت و دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن، دوو کەسیان کوڕانی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامین، کە بڕواناکەم ئەوان بگەڕێنەوە."
"دوورخستنەوەی وانەبێژان پەیوەندی بە حیزبایەتی نییە"
مەهدی خەلیل، بەڕێوبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "11 وانەبێژ دوورخراونەتەوە، چونکە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان پەیوەندیی پێوەکردوون و پێیگوتوون بگەڕێنەوە دەوام و بایکۆت بشکێنن، بەڵام رەتیانکردووەتەوە بگەڕێنەوە ئەوانیش رێکخەری سەرەکیی بایکۆتەکە بوونە، بە بەڵگەوە کۆمێنتمان لایە کە دەڵێن بۆمبەکە تەقییەوە و بادینان چی بەسەرهات، بۆیە دوورخراونەتەوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش: دوو لەوانەی دوورخراونەتەوە کادیری یەکگرتوون "ئەوانە دۆسیەکە دەجووڵێنن و ئاژاوەگێڕن. دەوام ئاسایی بوو هیچ کێشەیەک نەبوو خۆم سەردانی قوتابخانەکانمان دەکرد."
بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش گوتیشی، "بابەتی دوورخستنەوەی مامۆستایان هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبایەتییەوە نییە، لەو 11 کەسەی دوورخراونەتەوە حەوتیان پارتین، دوو یەکێتی و دوو یەکگرتوون، بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتوو ناوی مامۆستا تاریق ـە، دوو لەوانەی دوورخرانەوە کوڕی ئەون، ئەوانە بابەتەکەیان کردووەتە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ."
وانەبێژێک: لەنێو قوتابخانەکان هیچ حیزبێک نین
محەممەد تاریق، یەکێک لەو وانەبێژانەی لەگەڵ برایەکی بە ناوی نورەدین لە قوتابخانەی تۆپزاوا دوورخراونەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کە بایکۆتمان راگەیاند بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش گوتی، 'دەستێکی ئاژاوەگێڕ کە نزیکەی 15 کەسن لە نێو بایکۆتەکە هەیە کە دووردەخرێنەوە."
بەگوتەی محەممەد تاریق، هیچ نووسراوێکی وەزیری پەروەردە لەبارەی دوورخستنەوەیان نییە. دەشڵێت، "سەرەتا لە 22 قوتابخانە بایکۆت راگەیێندرا کە نزیکەی 350 وانەبێژ دەبووین ئێستا تەنیا لە هەشت قوتابخانە بایکۆتە کە نزیکەی 200 مامۆستایەک دەبن، لە کۆی ئەوانە تەنیا 13 کەس دوورخرانەوە." گوتیشی، "بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە یەکگرتووە نییە، ئێمە بە تەنیا ناتوانین 22 قوتابخانە هان بدەین بۆ بایکۆت، بە پێچەوانەوە ئەوانە دەیانگوت ئەگەر بێدەنگیان نەکەین هەموو بادینان بایکۆت دەکەن."
مەهدی ساڵح، مامۆستایەکی دیکەیە لە قەزای بەردەڕەش کە دوورخراوەتەوە و دەگوترێت "یەکێتییە" بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێمناخۆشە بابەتی حیزبەیاتی بهێندرێتە نێو بایکۆتی ئێمە و نێو قوتابخانەکان، من لە نێو قوتابخانە هیچ حیزبێک نیم، مامۆستایەکی وانەبێژم و داوام لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە دابمەزرێم داوای مافی خۆم کردووە."
مەهدی ساڵح گوتیشی: "گەڕامەوە قوتابخانەکەم، بەڕێوەبەر پێیگوتم فەسڵ کراویت. پێمگوت ئەگەر هەر فەرمانێکی وەزیر یان وەزارەتەکە هەیە پابەندی دەبم، بەڵام بەڕێوەبەری ناتوانێت من دووربخاتەوە. بەخوا بایکۆتمان لەبەر خاتری خۆمان کردووە بۆ ئەوەی دابمەزرێن هیچ پەیوەندی بە حیزبایەتی و بانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە."
رۆژی سێشەممە، 03-10-2023، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانی ئەو ناوچانەوە رایگەیاند: "مووچە مافێکی بنەڕەتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەکەین. هەموو لایەکیش دۆخی دارایی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دۆخە دەزانین کە رووبەڕووی کوردستان کراوەتەوە. زیاتر لە دوو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردووە، بەڵام لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە."
ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە داواشی کردووە، هەرچی زووترە دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی رابردوودا زیانی هەبووە.
دوای راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە، دەستەی وانەبێژانی ناڕازی رایگەیاند: "چاوەڕێ بووین حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەڵامی داواکاریی مامۆستایانی وانەبێژ بداتەوە، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوە، وەزارەتی پەروەردە سوپاسی مامۆستایان دەکات و سوپاسیش گیرفانی بەتاڵی وانەبێژانی گەرم نەکردووەتەوە لە ئێستا و رابردوودا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ