سەرۆکی زانکۆی کۆیە: پلانمان هەیە زانکۆیەکی سەوز بونیاد بنێین

10-09-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
د. محەممەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە.
د. محەممەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زانکۆی کۆیە پلانی پێنج ساڵی داڕشتووە. پلانەکە لە حەوت ستوونی سەرەکی پێکهاتووە کە هەر ستوونێک چەندین ئامانج لەخۆ دەگرێت و دەبێت لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا جێبەجێ بکرێت. سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت، "پلانمان هەیە زانکۆیەکی سەوز بونیاد بنێین."
 
د. محەممەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "زانکۆ چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت رۆڵی گەورە بگێڕێت لە کۆمەڵگەدا. بۆ ئەوەی زانکۆ ئامانجەکانی بپێکێت، پێویستی بە پلانی ستراتیژییە. بۆیە زانکۆی کۆیە توانیویەتی لە پرۆژەیەکدا پلانی پێنج ساڵی داهاتووی دابڕێژێت".
 
د. محەممەد حەسیب گوتیشی، "لەسەرەتای دەستبەکاربوونمەوە، لیژنەی باڵای داڕشتنی پلانی ستراتیژیمان پێکهێناوە و دواتریش چەند لیژنەیەک لەسەر ستوونەکانی پێکهێنراون. دوای کارکردن بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک، توانرا رەشنووسی پلانەکە ئامادە بکرێت و دواتر ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە پەسندی کرد."
 
سەرۆکی زانکۆی کۆیە دەڵێت، "پلانە ستراتیژییەکە پێنج ستوونی سەرەکی لەخۆ دەگرێت. یەکەمیان سەرکەوتنی خوێندکار و ئامادەکردنیەتی بۆ بازاڕی کار. دووەمیان توێژینەوە و دا‌هێنانە. سێیەمیان بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆ و پێگەی نێودەوڵەتیی زانکۆیە؛ هەروەها خزمەتکردنی کۆمەڵگە یەکێکە لە ستوونە گرنگەکانی زانکۆی کۆیە. هەروەها ستوونێکمان تایبەتە بە پەرەپێدانی سەرچاوەکان، توانا مرۆییەکان و توانای دارایی زانکۆ و بە ئەلیکترۆنیکردن. خاڵێکی زۆر گرنگ کە مۆدێلێکی زۆر نوێیە، بریتییە لە بونیادنانی زانکۆی سەوز و ئێمە گرنگی پێدەدەین."
 
سەرۆکی زانکۆی کۆیە پێی وایە لەمەودوا دامەزراندن زیاتر لە کەرتی تایبەتدا دەبێت و دەبێت خوێندکار بۆ بازاڕی کار ئامادە بکرێت؛ بۆیە ئاماژە بەوە دەکات "ئەرکی زانکۆ تەنیا پێدانی بڕوانامە نییە، بەڵکو دەبێت تواناکانی خوێندکار بونیاد بنێت. کار لەسەر ئەوە دەکەین، کاتێک خوێندکار لای ئێمە خوێندن تەواو دەکات، توانای هەبێت و ئامادە بێت بۆ بازاڕی کار و خوێندنەکە بە بازاڕی کارەوە دەبەستینەوە". 
 
لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ریزبەندیی زانکۆکە، د. محەممەد حەسیب گوتی، "یەکێک لە ستوونەکانی پلانی ستراتیژیمان، بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆی کۆیەیە و دەمانەوێت پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی دیکە دروست بکەین، توێژینەوەی زانستی هاوبەش بڵاوبکەینەوە و رانکینگی زانکۆی کۆیە بەرزبکەینەوە". 
 
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی کۆیە، "توێژینەوەی زانستی ستوونێکی سەرەکی پلانی پێنج ساڵی داهاتوومانە. یەکێک لە ئەرکەکانی زانکۆ ئەوەیە لە رێگەی توێژینەوەی زانستی لە کێشەکانی کۆمەڵگە بکۆڵنەوە و چارەسەریش بخەنەڕوو. لە خراپترین دۆخدا دەبێت زانکۆ رۆڵی هەبێت و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت بەو رۆڵەی هەستێت."
 
سەرۆکی زانکۆی کۆیە ئاشکرای دەکات کە "یەکێک لە هەنگاوەکانی زانکۆکەمان بە ئەلیکترۆنیکردنە، بۆیە وەک هەنگاوێک ئێستا خوێندکاران دەتوانن بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بەشەناوخۆیی بگرن و سەیری ئەو ژوورە بکەن کە دەیانەوێت"؛ گوتیشی، "بابەتی زانکۆی سەوز پرۆژەیەکی نوێیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، پێگەی جوگرافیی زانکۆی کۆیەش کەوتووەتە شوێنێکی ستراتیژی؛ بۆیە بیرمان لە بونیادنانی زانکۆیەکی سەوز کردووەتەوە لە کۆیە هاوشێوەی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان؛ بۆیە دەمانەوێت ئامرازی گواستنەوەی پاک لە زانکۆکەمان بەکاربهێنین و هانی مامۆستایان و خوێندکارانمان بدەین، پاسکیل بەکاربهێنین و ئەو باڵەخانانەی دروست دەکرێن، ئەوانە بن کە کەمترین وزە بەکاردەهێنن و هەوڵدەدەین وزەی پاک بەکاربهێنین". 
 
لەبارەی پلانی زانکۆی کۆیە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، د. محەممەد حەسیب، سەرۆکی ئەو زانکۆیە بە رووداوی گوت، "17ـی ئەم مانگە ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی کۆیە دەستپێدەکات، بەشەناوخۆییەکان بە تەواوی بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران ئامادەن. ساڵانە سەروو 900 خوێندکار لە زانکۆی کۆیە وەردەگیرێن و ئێستا 5 هەزار و 570 خوێندکار لە زانکۆکەماندا دەخوێنن، ئەمساڵیش سێ بەشی نویمان کردوونەتەوە. دوو بەشیان لە فاکەڵتی زانست و تەندروستی کە زانستی کۆمپیوتەر و زانستی تاقیگەکانن، هەروەها بەشی فاکەڵتی وەرزش کراونەتەوە و ئێستا کاریان لەسەر دەکەین، ئەو بەشانە بازاڕێکی کاری گرنگیان دەبێت بۆ خوێندکاران".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".