رووداو - دیجیتاڵ
تەرمی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ لە پزیشكی دادی سلێمانییەوە دەبرێنەوە چەمچەماڵ و لەلایەن ئیدارەی شارەكە بەخاك دەسپێدرێن، ئەمەش دوای ئەوەی كەسوكاریان ئامادەنەبوون تەرمەكان وەربگرنەوە.
رەمەك رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند تەرمی ئەو دوو خوشكەی دوێنێ چوارشەممە دۆزرانەوە، ئەمڕۆ لە پزیشكی دادی سلێمانییەوە هێنراونەتەوە چەمچەماڵ و بەخاكدەسپێدرێن.
بە گوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، تەرمی دوو خوشکەکە لەلایەن ئیدارەی چەمچەماڵەوە بە خاکدەسپێردرێن، لەبەر ئەوەی كەسوکاری دوو خوشکەکە ئامادە نەبوون تەرمەكان وەربگرنەوە "بەڵام بەشێك لە كەسوكاری دوو كچەكە ئامادەی مەراسیمی بەخاكسپاردنەكە دەبن".
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ و ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی دوو خوشکەکەدا کرد، قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند "دوو کچی نازداری شارەکەمان لەدەستداوە".
سەبارەت بە باوکی دوو کچەکەش کە دەگوترێت تۆمەتبارە بە کوشتنیان، قایمقامی چەمچەماڵ گوتی : " فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، بەڵام تاوەكو ئێستا شوێنی نادیارە".
دوای چەند رۆژێك لە دیار نەمانیان رۆژی 9-9-2020 تەرمی دوو خوشكی تەمەن 17و 19ساڵ لە نزیك گوندێكی قەزای چەمچەماڵ دۆزرانەوە هەر ئەو رۆژە تەرمەكان لە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ پشكنینیان بۆ كراوە، لە توێكاریی پزیشكیدا دەركەوت ئاسەواری لێدان و گولـلە بە جەستەیانەوە دیاربووە. دواتریش بە فەرمانی دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی دەسبەجێ بۆ باوكی كچەكان دەركراوە، كە چوار رۆژە مۆبایلی داخستووە و دیارنییە.
چیرۆکى ئەو دوو خوشکە دەگەڕێتەوە بۆ دوو مانگ لەمەوبەر، کاتێک لەدواى جیابوونەوەى باوک و دایکیان لەیەکدى، لەگەڵ باوکیان مانەوە. ئەوان لە پۆلیسى چەمچەماڵ بە تۆمەتى مامەڵەى خراپ سکاڵاى یاسایی لەسەر باوکیان تۆماردەکەن و خۆشیان دەچنە شێڵتەرێکى داڵدەدانى ژنان لە سلێمانی، دواى کەمتر لە مانگێک باوکیان بەڵێن بە دادوەر دەدات کە بیانباتەوە لاى خۆى و باش بێت لەگەڵیان، بەڵام دواى کەمتر لە مانگێک لە گەڕانەوەیان تەرمەکانیان دۆزرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ