بەرپرسە نوێیەکانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر دەستبەکار دەبن

10-07-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سبەی یەکشەممە سەرۆکی نوێی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر لە سلێمانی دەستبەکار دەبن، هاوکات لە فڕۆکەخانەی سلێمانیش گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکدا کراوە و سبەی ئەوانیش دەستبەکار دەبن. 
 
سەرچاوەیەکی فەرمی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی کراوە بڕیار و هەنگاوی جیددیە لە پێناو چاکسازیدا.
 
ئەو گۆڕانکارییانە لە ماوەی دوو رۆژدا کراون، رۆژی پێنجشەممە هەردوو سەرۆکی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر گۆڕدران، دواتریش هێزێکی ئەمنی لەگەڵ ئیدارەی فڕۆکەخانەی سلێمانی هەندێک گۆڕانکارییان لە بەرپرسی بەش و کارمەندەکاندا کرد.
 
سەرچاوەکەی یەکێتی بۆ رووداوی ئاشکرا کرد، ئەوەی کراوە، "بۆ رێگری بووە لە قاچاخچێتی". هەر سێ گۆڕانکارییەکەش "لەپێناوی چاکسازییەکی جیدیدان کە بۆ سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر باشە." 
 
بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەدا بووە "گۆڕانکاری بکرێت تاوەکو قۆرخکاری لە پۆستەکاندا نەکرێت و چاکسازییەکی کۆنکرێتیش هەبێت."
 
ئەمڕۆ شەممە هەوڵ بۆ کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەسەر داوای بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبەکە درا، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بافڵ تاڵەبانی بە نێوەندگیرەکانی گوتووە، "ئەمە جێبەجێکردنی یاسایە، رێگرییە لە قاچاخچێتی، لەسەر ئەمە هەندێک ساردی لەنێوان هەردوو هاوسەرۆکدا دروست بووە."
 
رووداو زانیویەتی هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ کۆبوونەوەی هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی ئەنجامیان نەبووە و تاوەکو ئێستا یەکدییان نەبینیوە. 
 
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی تیمی یەکێتیشە لە حکومەت، پێشتر داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکو فەرمانی هەرێمی بۆ دوو بەرپرسە نوێیەکەی دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری لە سلێمانی دەر بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گرتووخانەی ئەوین لە تاران.

لە سنە 70 بەندکراو ئازاد کران

لە زیندانەکانی سنووری پارێزگای سنە 70 زیندانی ئازاد کران؛ بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری زیندانەکانی پارێزگاکە دەڵێت، لەلایەن خێرخوازانەوە 20 ملیار تمەن بۆ ئازادیی ئەو بەندکراوانە کۆکراوەتەوە.