پەیەدە: سێ بەرپرسمان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیر کراون

10-06-2021
خالید جەمیل
نیشانەکردن پەیەدە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند سێ بەرپرسییان لە هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن هێزێکەوە دەستگیرکراون.
 
نووری ئەسعەد، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-6-2021 هەر یەک لە جیهاد حەسەن، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان،  مستەفا عوسمان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی لە هەولێر،  مستەفا عەزیز، ئەندامی نوێنەرایەتیی پەیەدە، لە شاری هەولێر دەستگیرکراون".
 
نووری ئەسعەد ئاماژەی بەوەدا ئەو سێ کەسە چوونەتە پێشوازی ژمارەیەک رۆشنبیر، کە لە ئەوروپاوە دەهاتن، بەڵام لە فڕۆکەخانە دەستگیرکراون. 
 
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسە، نووری ئەسعەد گوتی: " نازانم بۆچی دەستگیرکراون، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ ئەو بابەتە لەسەر هێڵە".
 
(رووداو) پەیوەندی بە تارق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر کرد، بەڵام گوتی زانیاریم لەسەر دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسە نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە