قەتەر کۆنسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

10-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی قەتەر لە عێراق رایگەیاند، کارەکانی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان باش چوونەتە پێشەوە و بڕیارە بەمنزیکانە کۆنسوڵخانەکە بەشێوەیەکی فەرمی بکرێتەوە.

رۆژی چوارشەممە، 10-5-2023، خالد بن حمد ئەلسڵێتى، باڵیۆزی قەتەر لە عێراق سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن سەفین دەزیی، بەرپرسی فەرمانگەکە پێشوازی لێکرا.
 
باڵیۆزی قەتەر لە عێراق رایگەیاند: "قەتەر خۆشحاڵە بە پتەوکردنى پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتى هەرێمی کوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوەکانى کردنەوەى کۆنسوڵخانەی گشتیى قەتەر لە هەرێمى کوردستان باش چوونەتە پێشەوە و بڕیارە بەم نزیکانە بەشێوەیەکى فەرمى لە شاری هەولێر بکرێتەوە."
 
سەفین دزەیی ئاماژەى بە گرنگیى برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و قەتەر کرد بەتایبەت دواى ئەوەى قەتەر بڕیاری دا کۆنسوڵگەریى گشتیى وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان بکاتەوە. هاوکات ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکارى و ئاسانکاریەیکى حکومەتى هەرێمى دەربڕى بۆ ئەم هەنگاوە.
 
کردنەوەی کۆنسوڵخانەی قەتەر لە هەرێمی کوردستان نوێ نییە و بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، بەڵام بە کاریگەریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رووداوەکانی ناوچەکە دواخرا.
 
تائێستا 41 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی و نووسینگەی کۆنسوڵخانە و بازرگانیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە. بە کردنەوەی کۆنسوڵخانەکەی، قەتەر دەبێتە هەشتەمین وڵاتی عەرەبی نوێنەرایەتیی خۆی لە هەولێر بکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە