رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا باس لە هۆکاری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکەی لایەنە سیاسیییەکان لە باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک دەکات و دەڵێت: "دەرکەوت ئەجیندایەکی پێشوەخت داڕێژراو هەیە بۆ ئەنجامدانی هەندێک رێکاری دوور لە پرۆتۆکۆڵە پەسەندکراوەکانی رێکخستنی چوونە ژوورەوەی شاندەکان".
رۆژی چوارشەممە 10-05-2023 بۆ تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دۆخی نێوخۆی کەرکووک، حیزبە کوردستانییەکان لەو شارە بە بەشداری نوێنەری یونامی لە باڵەخانەی پارێزگای کۆبوونەوە، بەڵام پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد.
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند "لە کاتی گەیشتنی شاندی راسپێردراومان بە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بۆ باڵەخانەی پارێزگا، دەرکەوت ئەجیندایەکی پێشوەخت داڕێژراو هەیە بۆ ئەنجامدانی هەندێک رێکاری دوور لە پرۆتۆکۆڵە پەسەندکراوەکانی رێکخستنی چوونەژوورەوەی شاندەکان بۆ کۆبوونەوەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و نێردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان".
بەپێی روونکردنەوەکەی کەمال کەرکووکی، لە کۆبوونەوەی 8ـی ئایاری 2023 لەگەڵ شاندی ئۆفیسی کەرکووکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی)، پارتی دیموکراتی کوردستان بانگهێشتنامەیەکی پێگەیشتبوو بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان، بە سەرپەرشتیی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نووسینگەکەیدا لە باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک.
لە روونکردنەوەکەی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاتووە: "ئامادەبوونی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باڵەخانەی پارێزگادا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی (یونامی) بوو، هیچ لایەنێکی ناوخۆیی پەیوەندی بەو بانگهێشتە یان کۆبوونەوەیەوە نەبوو، بۆیە بڕیارماندا رێگە بە تێپەڕاندنی ئەو جۆرە ئەجێندا و سیاسەتە ناشیرینانە نەدەین و لە کۆبوونەوەکە ئامادە نەبووین".
دەشڵێت: "ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە بەهیچ شێوەیەک خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەوڵە چڕەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نائاساییانە لە کەرکووک، راناگرێت".
کەمال کەرکووکی داوا لە نوێنەرایەتیی یونامی دەکات، خۆی لەم جۆرە کارە "نادروستانە" دوور بخاتەوە کە بە سوودوەرگرتن لە چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرکووک بەڕێوەدەبرێن.
رۆژی چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023، محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک، راکان جبووری فەرمانی کردووە رێز لە حیزبە کوردییەکان نەگیرێت؛ نەیانهێشتووە ئۆتۆمبێل ببەنە ژوورەوە و گوتوویانە بە پێ لە پرسگەوە بچنە ژوورەوە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو سووکایەتییەی پێ قبووڵ نەکرا و بەشداری کۆبوونەوەکەمان نەکرد".
لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بارەگاکانی لە کەرکووک نەکردووەتەوە؛ پارتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک بە "خۆسەپێن" ناودەهێنن و دەڵێن، جیاکاری لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووکدا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ