رووداو دیجیتاڵ
17 کەس لە شارۆچکەی سرووچ، سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە خرانە زیندانەوە.
ئەو 17 کەسە رۆژی چوارشەممە 6ی ئاداری 2024 لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکاندا کە بە بەشداریی 600 کەس لە ئەندامانی تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە و دەزگای هەواڵگری-میت بەڕێوەچوو، دەستبەسەرکران.
ئەو رۆژە هێزە ئەمنییەکان لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی رووها هەڵیانکوتایە سەر 24 ماڵ لە شارۆچکەی سرووچ و ئەو 17 کەسەیان دەستبەسەر کرد.
دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە لەگەڵیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارۆچکەکە، ئێوارەی رۆژی شەممە 9ی ئاداری 2024 رەوانەی دادگە کران و بە بڕیاری دادوەر خرانە زیندانەوە.
لەنێو ئەو کەسانەدا بەربژێری هاوسەرۆکی دەم پارتی شارۆچکەی سرووچ و چوار بەربژێری ئەو حیزبە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی، هەروەها پزیشکێک و مامۆستایەک هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ