رووداو دیجیتاڵ
لە بازگەی تاسڵوجە شەڕ لەنێوان چەند پێشمەرگەیەک و ئاسایشی بازگەکە دروست دەبێت، بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری فریاکەوتنی 122 لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "شەش بریندار هەن، یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە."
سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە چەند پێشمەرگەیەکی فەرماندەی هێزی ئاڵتوونیی پێشمەرگە و ئاسایشی بازگەی تاسڵوجە بەشەڕ هاتبن، بەڵام فەرماندەی هێزی ئاڵتوونی رەتیدەکاتەوەو دەڵێت: "شەڕەکە لەنێوان پێنج پێشمەرگەی هێزەکانی کۆماندۆ بووە کە لەدەوام گەڕاونەتەوە لەگەڵ بازگەی تاسڵوجە، ئەویش لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە".
بەرهەم محەممەد، فەرماندەی هێزی ئاڵتوونیی پێشمەرگە، لەبارەی شەڕەکەی ئەمڕۆی بازگەی تاسڵوجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نازانم بۆچی ناوی هێزەکەی ئێمە تێکەڵ بەو شەڕە کرا، ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان پێیەوە نییە".
لەبارەی وردەکاریی شەڕەکە، فەرماندەی هێزی ئاڵتوونی روونیکردەوە، "پێنج پێشمەرگەی سەر بە هێزەکانی کۆماندۆ کە دەوامیان لە کەرکووک بووە، دەوامیان تەواوبووە و گەڕاونەتەوە، لە رێگەدا لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە بووەتە کێشەیان، بەڕێوەبەری ناحیەکەش لە بازگەکە سکاڵای لێکردوون".
زیاتر لەبارەی روودانی شەڕەکە گوتی:"ئەو پێشمەرگانە بە مەدەنی گەڕاونەتەوە و جلوبەرگی سەربازییان نەپۆشیوە، بەڵام چەکەکانیان پێبووە، کە ئەوە قەدەخەیە، کاتێک لە بازگەکە راگیراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە، شەڕەکە روویداوە".
بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری فریاکەوتنی 122 لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "شەش بریندار هەن، یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە."
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لەبارەی هۆکاری شەڕەکە رایدەگەیێنێت: سەرەتا کێشەکە لەنێوان هێزی کۆماندۆ و بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە دروستبووە لەسەر هۆڕین و فوللێدان. پاشان کە بەڕێوەبەری ناحیەکە دەگاتە بازگەی سلێمانی سکاڵای خۆی دەگەیێنێتە ئاسایشەکان، بەو هۆیەشەوە ئاسایش داوای ناسنامەی لە هێزەکانی کۆماندۆ کردووە.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت: هێزەکانی کۆماندۆ جلی مەدەنییان لەبەردا بووە و داوایان لێکراوە بچنە ژووری لێکۆڵینەوە، بەڵام هێزەکانی کۆماندۆ رەتیانکردووەتەوە و گوتوویانە: "ئێمە هێزی سەربازین و دانابەزین"، بەو هۆیەشەوە گرژی و شەڕ بە چەقۆ و خەنجەربۆکس دروستبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ