دەستەی ئامار پێشبینی دەکات ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە 2040 بگاتە نۆ ملیۆن کەس

10-01-2024
ژیڤان بەکر
نیشانەکردن ژمارەی دانیشتووان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی ئاماری دانیشتووان و هێزی کار لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە عێراقدا، لە ساڵی 1987ـەوە هیچ سەرژمێرییەک نەکراوە، ئەوەی هەیە مەزندەیە، "پێشبینیش دەکەم لە هەرێمی کوردستاندا، تاوەکو 2040 ژمارەی دانیشتووان بگاتە 9 ملیۆن کەس".
 
گوهدار محەممەد عەلی، بەرپرسی ئاماری دانیشتووان و هێزی کار لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (10ـی کانوونی دووەمی 2024) لە بووڵتەنی نووڕۆژدا بە رووداوی گوت، "هەر ژمارەیەک سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووان مەزندەیە. ئەوەی ئێستا پێشبینی بۆ دەکرێت، بناخەکەی پرۆسەی گەمارۆسازیی ژمارەدانانی ساڵی 2009 بوو، کە لە عێراق کرا؛ پرۆسەیەکە پێش سەرژمێری دەکرێت، بناخەیەکی باش بوو، بەڵام خۆی دەبوو سەرژمێرییەکە کرابووایە، بەهۆی هەر هۆیەک بێت، نەکرا."
 
بەرپرسی ئاماری دانیشتووان و هێزی کار لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت "من، لە ساڵی 2013 پێشبینییەکم کرد بۆ هەرێمی کوردستان هەتاوەکو 2020، دوای ئەوەش پێشبینییەکی دیکەم کردووە لە ساڵی 2021 تاوەکو 2040، پێموایە لە ساڵی 2023ـدا ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش ملیۆن و 500 هەزار بووە، پێشبینیش دەکەم ژمارەکە بۆ ساڵی 2030 بگاتە 7.5 ملیۆن، هەروەها بۆ ساڵی 2040 بگاتە 9.000.000 کەس."
 
بەرپرسەکەی ئاماری دانیشتووان هەرێمی کوردستان لەبارەی گەشەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانەوە باسی ئەوە دەکات "هەردەم رێژەی گەشە لەو کاتەنەدا دیاریدەکرێت، کە سەرژمێری هەبێت؛ لەنێوان دوو سەرژمێریدا، دەزاندرێت رێژەی گەشە چەند بووە. لەبەرئەوەی ئێمە ژمارەی سەرژمێریکردنمان لەبەردەست نییە، هەندێ رووپێوی و ئاماری دیکە هەن کە لە دەستەی ئامار سوودیان لێ دەبیندرێت و هەندێ رێکار و یاسای زانستی هەن، دەشێت رێژەی گەشەیان پێ دەربهێنین. بۆیە رێژەی گەشەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 02٪ـە. بەڵام لە عێراقدا، رێژەی گەشە زیاترە، چونکە ئەوان زیاتر منداڵ دەخەنەوە. بەپێی زانیارییەکانم مەزندە دەکەم رێژەی گەشەی عێراق 2.7٪بێت."
 
گوهدار محەممەد عەلی، لەبارەی رێژەی رەگەزەوە ئاماژەی بەوە دا "رەگەز لە گشت کۆمەڵگەکان، لە دۆخێکی ئاساییدا نزیکەی 50.5٪ـە بۆ رەگەزی نێر، 49.5٪ـە. ئەمە لە هەندێ وڵات کەمتر و زیاترە؛ بەڵام ئەگەر باردوخەکە نائاسایی بێت، دەگۆڕێت. بەپێی تەمەنیش دەگۆڕێت؛ هەریەکەو بەپێی گرووپی تەمەنە."
 
بەرپرسی ئاماری دانیشتووان و هێزی کار سەبارەت بە دابەشکردنی رێژەی تەمەن ئاماژەی بەوەش کرد "رێژەی تەمەنی دانیشتووان بە گرووپی گشتی دابەش دەکرێت. ئەویش بەم شێوەیەیە: لە خوار پازدە ساڵ، لە 15 بۆ 64 ساڵ، 65 بۆ سەرتر. لە هەرێمی کوردستاندا، رێژەی خوارتر لە 15 ساڵ 37٪ـە؛ رێژەی 15 بۆ 64، 60٪ـە؛ لە 65 بۆ سەرتر 03.3٪ـیـە."
 
رێژەی گوندنشین و شارنشین لە وڵاتێک بۆ وڵاتێک و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت. لە ناوچە شاخاوی و بەستەڵەکەکاندا، رێژەی دانیشتووان کەمە چونکە ژیان تێیاندا سەختە؛ بەڵام لە ناوچەی تەختایی و گەرمەسێردا ژیان ئاسانترە و چڕی دانیشتووان زیاترە.
 
لەبارەی ژمارەی گوندنشین و شارنشینەوە گوهدار محەممەد عەلی دەڵێت "رێژەی شارنشینمان لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەمساڵ نزیکەی 77٪ـە؛ رێژەی گوندنشین پەیوەندیی بە پارێزگەوە هەیە، بەرزترین رێژەی گوندنشین لە پارێزگەی دهۆکە، دوای ئەو لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە دێت. لەم دوو سێ ساڵەی رابردوودا، رێژەی دانیشتووانی گوندنشین زیادی کردووە، بەڵام 15 ساڵ پێش ئێستە، خەڵک زیاتر لە شاردا دانیشتوون."
 
بەپێی گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانای عێراق، دەیانەوێ لەم ساڵدا سەرژمێری بکەن. بەرپرسی ئاماری دانیشتووان و هێزی کار لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لەو بارەوە روونی کردەوە "ئەم سەرژمێرییە بڕیار بوو لە ساڵی 2020ـدا بکرێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و هۆکاری دیکە، دواخرا و ئەمساڵ بڕیارە بکرێت. ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق هەیە، بەردەوام لەگەڵیاندا کۆدەبینەوە. ئامادەکاری کراوە و بودجەی بۆ تەرخان کراوە. بوجەکە 250 تریلیۆن دینارە و 12.6ـی ئەو بودجەیە بۆ کوردستانە. سەرژمێرییەکە بە ئەلیکترۆنی دەکرێت و بڕیارە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی دەرەوەدا بکرێت؛ ئەم جۆرە سەرژمێرییەش یەکەم جارە لە عێراقدا بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەکرێت، چونکە میکانیزمی تایبەت بە خۆی هەیە و جیاوازە لەگەڵ ئەوەی پێشوو."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".