رووداو دیجیتاڵ
محەممەد بن سەلمان، شازادی جێنشینی سعودیە پێشوازییەکی شاهانەی لە شی جی پینگ، سەرۆکی چین کرد و سعودییەکان ئەوە بە سیمبولی گۆڕانکاریی دەیبینن.
راخستنی فەرشە رەنگە بنەوشەییەکان پێشنیازی شازادەی جێنشین بوو بۆ نیشاندانی میوانداریکردنێکی پایە بڵند. 20 رێککەوتن بە بەهای 29 ملیار دۆلار لە یەکەم لووتکەی سیاسی باڵای ریاز لە لووتکەی چین - سعودیە واژۆ کران.
جاسر جاسم، راوێژکارێکی سیاسی سعودیەیە و بە رووداوی گوت: "شانشینی سعودیە کار دەکات لەسەر کەرتی ئابووری و بنیاتنان کە ئەویش کارکردنە لەسەر بنەمای پڕۆژەی (تێڕوانینی سعودیە 2030)، بۆیە بۆ بژاردەی باشتر و چاکتر دەگەڕێت تاوەکو ئامانجەکانی ئەو پرۆژەیەی بەدەستهێنێت. ئەم رێککەوتنانەشمان لەگەڵ چین بۆ رێککەوتنە لە هەندێک بواری نوێدا."
کەی جاینگ وانگ، شرۆڤەکارێکی سیاسی چینە و دەڵێت: "وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی کەنداو هاوبەشێکی زۆر باشی چینن بەتایبەت لەبواری نەوتدا و زۆر هاوکاری یەکترین، چین بڕێکی زۆر نەوت لە ئەو وڵاتانەی ئەو ناوچەیەوە هاوردە دەکات بۆیە پەیوەندییەکانمان زۆر باشە."
سعودیە پەیوەندییەکانی تەواو فراوان کردووە لەگەڵ چین و ئێستا 20 زانکۆی چینی لە سعودیە لقیان کردووەتەوە. لە سیستمی پەروەردەی بنەڕەتی قوتابخانەکانیش زمانی چینی لە دوای زمانی عەرەبییەوە دەخوێنرێت
هاوکات لە پەکینی پایتەختی چین کتێبخانەیەکی گەورەی 30 هەزار کتێبی بەناوی پاشا فەهد کراوەتەوە و زیاتر لە 6700 هاووڵاتی چینی زمانی عەرەبی دەخوێنن. لی چاو یەکێکە لەو ئەکادیمستە چینیانەی بە باشی لە زانکۆکانی چین فێری عەرەبی بووە.
لی چاو، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی خوێدنەکەیەوە گوتی: "من بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانم خوێندووە بۆ ماوەی چوار ساڵ، بەڵام لە راستیدا خوێندن لە چین بەتەنها بەس نییە بۆیە، هاتووم بۆ سعودیە هەم بخوێنم و هەم کاریش بکەم."
راوێژکارێکی سەربازی حکومەتی سعودیە دەڵێت، لە داهاتوودا لە رووی سەربازیشەوە رێککەوتنمان لەگەڵ چین دەبێت.
ئەحمەد بن حەسەن، راوێژکاری سەربازی سعودی بە رووداوی گوت: "سعودیە تێڕوانینی 2030ی هەیە بۆیە دەیەوێت پیشەسازییەکانی پەرەپێبدات لەنێو پیشەسازییەکانیشدا پیشەسازی سەربازی پەرەپێبدات، هیچ شتێکیش نییە کە رێگر بێت لە نێوان ئێمە و چین بۆ ویستی پەرەپێدانی پیشەسازی سەربازی. هەروەها چین دەتوانێت بەشێوەیەکی باش پشت بە سعودیە ببەستێت."
وەبەرهێنانی چین زۆرینەی شارەکانی سعودیە دەگرێتەوە پێنج ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی سعودیە و چین 320 ملیار دۆلار بووە؛ هەردوولا دەیانەوێت بۆ ساڵانی داهاتوو قەبارەکە بگەیێننە سەروو 150 ملیار دۆلار لە هەر ساڵێکدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ