رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەرزبوونەوەی ئاگر و دووکەڵ لە شوێنێکی باشووری بەیرووت، دوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە 25-11-2024، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆمات و بەرپرسان دەڵێن، لە گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، ناکۆکی لەسەر ژمارەیەک خاڵ هەن کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم راگەیاندنی ئاگربەست دا، وێڕای ئەوەی هەلومەرج بۆ وەستاندنی شەڕەکە لەبارە و گەشبینیی گەیشتن بە رێککەوتن، زیاتربووە.
ئەو پێشنیازەی ئێستا دانوستاندنی لەسەر دەکرێت، ئەوەیە؛ ئاگربەستێکی دوو مانگی وەک دەستپێک رابگەیێنرێت، لەو ماوەیەدا سوپای ئیسرائیل لە خاکی لوبنان دەکشێتەوە و چەکدارانی حیزبوڵڵاش بەدرێژایی سنووری لوبنان و ئیسرائیل، دەکشێنەوە و دەچنە باکووری رووباری لیتانی.
هەر لەو کاتەدا، هەزاران سەربازی دیکەی سوپای لوبنان، بەدرێژایی سنوورەکە لەگەڵ هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیردەکرێن.
بەگوێرەی پێشنیازەکە، لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەست و بڕیارنامەی 1701ـی ئەنجوومەنی ئاساییش پێکدەهێنرێت.
ئەو بڕیارنامەیە لە ساڵی 2006 بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێکی دیکەی 34 رۆژەی، لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا پێکهێنرابوو، بەڵام هەرگیز بەتەواوی جێبەجێنەکرا. حیزبوڵڵا هەرگیز لە باشووری لوبنان نەکشایەوە و سوپای ئیسرائیلیش بەردەوام بوو لە بەزاندنی سنووری ئاسمانیی لوبنان و لە چەند ناوچەیەکیش نەکشایەوە.
روون نییە ئایا ئەگەر رێککەوتنی نوێ بکرێت، لەوەی ساڵی 2006 سەرکەوتووتر دەبێت یان نا.
مایکڵ هێرزۆگ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن، رۆژی دووشەممە (25-11-2024) بە رادیۆی سوپای ئیسرائیلی راگەیاند، ئامانج لە رێککەوتنەکە چاودێریکردن و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی پێشووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وێڕای ئەوەی هەندێ خاڵ ماون کە دەبێت رێککەوتنیان لەسەر بکرێت، بەڵام رێککەوتنەکە نزیکبووەتەوە و دەکرێت "لە ماوەی چەند رۆژێکدا" تەواو بکرێت.
بەرپرسێکی ئەمریکیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، رایگەیاندووە بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە واژۆبکرێت، هێشتا هەندێ پرس ماون کە دەبێت رێککەوتنیان لەسەر بکرێت.
دوو بەرپرسی دیکەی ئەمریکی کە قسەیان بۆ ئەسیۆشەیتد پرێس کردووە، باسیان لەوە کردووە ئیسرائیل داوای گەرەنتیی زیاتر دەکات لەسەر ئەوەی هەموو چەکەکانی حیزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکە دووردەخرێنەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، لەوە دەترسن حیزبوڵڵا هێرشێکی هاوشێوەی حەماس بکاتە سەر ئیسرائیل، بۆیە بە ئاگربەست رازینابن ئەگەر ماف بە ئیسرائیل نەدرێت ئازادانە هێرش بکاتە نێو لوبنان ئەگەر حیزبوڵڵا پێشێلکاری بکات.
بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیلی بە ئاژانسە هەواڵییە ئەمریکییەکەی گوتووە، هێشتا ناکۆکی لەسەر ئەو خاڵە هەیە، سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکان بە "ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆن."
بەرپرسانی لوبنان بەوە رازی نین و دەڵێن 'ئەوە پێشێلکارییە دژی سەروەریی لوبنان.'
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا گوتی، بزووتنەوەکەیان بە هیچ رێککەوتنێک رازی نابێت، ئەگەر "بە تەواوی کۆتایی بە دوژمنکاری"ـی ئیسرائیل نەهێنێت و سەروەریی لوبنان نەپارێزێت.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حزیبوڵڵا و ئیسرائیل کەوتنە هێرشی رۆژانەی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر یەکدی.
دوو مانگ لەمەوبەر، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی بەرفراوان و دواتریش لەشکرکێشی کرد بۆ سەر لوبنان.
لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 3 هەزار و 500 کەس لە لوبنان کوژراون کە زۆربەیان سڤیلن.
لە ئیسرائیلیش زیاتر لە 70 کەس کوژراون، کە زیاتر لە 40ـیان سڤیلن، هەروەها زیاتر لە 50 سەربازی دیکەی ئیسرائیل لە هێرشی زەوینی بۆ سەر لوبنان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ