رووداو دیجیتاڵ
جەژنی بۆ منداڵان زیاتر لە وەرگرتنی جەژنانە و لەبەرکردنی جلوبەرگی نوێی جەژن خۆی دەبینێتەوە، لە ئاکرێ خێرخوازان هاوکاربوون لەوەی منداڵانی هەژاران و بێ دایک و باوک، لە بەشێکی ئەو خۆشییە بێبەش نەبن.
خێزانێکی هەژار لە ئاکرێ، خاوەن شەش منداڵن کە تەمەنیان لەنێوان چوار بۆ 12 ساڵە، منداڵەکان حەزیان لە جلی جەژنە، بەڵام ئەو پارەیەی رۆژانە باوکیان بە کاری شۆفێریی تاکسی دەستی دەکەوێت، بەشیان ناکات. جەژنی رابردوو خێرخوازان یارمەتییان دان جلوبەرگی جەژن بۆ منداڵەکانیان بکڕن، ئەمساڵیش چاویان لە دەستی خێرخوازانە.
هۆشیار محەممەد سەعید، باوکی منداڵەکان بە رووداوی گوت "هەرکاتێک منداڵەکان دەڵێن 'باوکە جلی جەژن.' دەڵێم بڕۆم و بێمەوە بۆتان دەکڕم، کە دەشگەڕێمەوە دەڵێن باوکە هاوڕێکانمان جلی جەژنیان کڕیوە... من، هەر پێیان دەڵێن بۆتان دەکڕم، تاوەکو خوا دەرگەیەک دەکاتەوە."
کەمپەینی دلۆڤانی، لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی ئاکرێوە راگەیێنراوە، تێیدا جلوبەرگی جەژن بۆ منداڵانی هەژار، بێ باوک، بێ دایک و خێزانی شەهیدان دەکڕن. گەنجەکان لە 10 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزان منداڵەکان لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە بازاڕ و جلوبەرگ و پێداویستیی جەژنیان بۆ دابین دەکەن.
ماهیر رەشید، سەرپەرشتی کەمپەینی دلۆڤانی دەڵێ "ئێمە، لەڕێگەی لیژنەیەکەوە بەنێو شاردا دەگەڕێین بۆ ئەوەی بزانین کێ بێ باوکە یان بێ دایکە و کێ لە خێزانی شەهیدانە، ئێمە هەموو ئەو منداڵانە تۆماردەکەین و جلوبەرگیان بۆ دەکڕین."
پارەی کەمپەینەکە لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند و خێرخوازی دەڤەرەکەوە دابین دەکرێت، زیادی و کەمیی ژمارەی خێزان و منداڵانی سوودمەند لە کەمپەینەکەش بۆ ئەو بڕە پارەیە دەگەڕێیەوە، کە بە کەمپەینەکە دەبەخشرێت.
کارزان فەرحان، یەکێکە لە خێرخوازەکان و دەڵێ "دەبێت خەڵکی ئێمە هەموویان خۆیان یەکبخەن و هاوکاریی یەکدی بکەن."
بەپێی ئاماری نافەرمی، نزیکەی 20 گرووپی خۆبەخش لە سنووری دهۆک هەن، کە لە مانگی رەمەزاندا هاوکارییان گەیاندووەتە هەژاران و جلوبەرگی جەژنیش بۆ منداڵان دەکڕن، هەر گرووپێک جلوبەرگی 300 بۆ 1500 منداڵی دابین کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ