رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی، رایگەیاند لافاوەکەی شەوی رابردوو زیانی مادیی زۆری هەبووە، بەهۆی لافاوەکەوە ئاو چووەتە نێو 40 ماڵ و 20 شوێنی گشتی.
رێكان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند لە شەوی رابردوو تاوەكو پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 09-03-2023) لە ناو شاری سلێمانی بەهۆی بارانی بەخوڕ ئاو چووەتە 40 ماڵ لە گەڕەكەكانی (كۆسەی چەم، تاڤگە، چوارچرا، ئابڵاخ، جولەكان، ئیبراهیم ئەحمەد، كەنەسوورە و چەند گەڕەكێكی دیكە".
رێکان جەمال هەروەها گوتی: "جگە لەو ماڵانە، نزیكەی 20 شوێنی گشتی وەکو مزگەوت، ماركێت، زانكۆ، گەراجی ئۆتۆمبێل و چەند كۆگایەكی هەڵگرتنی خۆراكیش ئاویان تێچووە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی پێیوایە ئەگەر بەدەمەوەچوونی خێرای تیمەكانیان نەبووایە "بەدڵنیاییەوە زیانەكان لەوەی ئێستا زیاتریش دەبوون".
رێكان جەمال داوا لە دانیشتووانی شاری سلێمانی دەكات لە هەر شوێنێك "كۆبوونەوەی ئاو" گرفتی بۆ دروست كردن، پەیوەندی بە ژمارە 115ـی بەرگریی شارستانییەوە بكەن تاوەكو بەزوویی بەهانایانەوە بچن.
لە ماوەی 24 كاژێری رابردوو لەناو شاری سلێمانی زیاتر لە 104ملیم باران باریوە. بەهۆی بارانەکەی شەوی رابردووشەوە، پەروەردەی سلێمانی بڕیاری دا لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشوو.
بەهۆی لافاوی شەوی رابردووی سلێمانی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن تاوەکو کاژێر 06:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە حاڵەتی ئامادەباشیدابوون. ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو دەڵێ "شەوی رابردوو نزیکەی 30 تیمی بەرگریی شارستانی لە سلێمانی لەکار بوون و لەماوەی یەک، دوو کاژێردا مەنهۆڵەکانیان پاککردووەتەوە''.
سەبارەت بە بارانبارینەکەی شەوی رابردوو و سبەییش، دارا حەسەن، پێشکێشکاری کەشوهەوا لە رووداو، لە قلیاسانەوە گوتی "ئەم بارانە بووەتە هۆی ئەوەی بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کێشەی بێ بارانی نەمێنێت" هەروەها دەڵێ "ئەم بارانبارینە ئەمشەویش بەردەوام دەبێت و دیسانەوە ئەگەر هەیە لافاو دروست ببێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ