کوردستان
دەستگیرکردنی ئەو چەند کەسە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بووە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی وان و سەمسووری باکووری کوردستان حەوت هاونیشتمانی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە خرانە زیندانەوە.
ئەو حەوت هاونیشتمانییە رۆژی یەکشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2024 لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیر کراون و ئێوارەی رۆژی دووشەممە 8ی کانوونی دووەم دراونەتە دادگە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای وان رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر،" لە 1 تاوەکو 7ی کانوونی دووەمی 2024 لە سنووری پارێزگای وان چوار کەس بە تۆمەتی "ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە/کەجەکە" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
هەمان رۆژ سەرۆکی داواکاری گشتیی سەمسوور رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایە بە هەمان مەبەست ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردووە و سێ کەسیان بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە دەستگیر کردووە.
دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی و رەوانەکردنی دۆسیەکەیان بۆ دادگە، ئەو حەوت هاونیشتمانییە بە تۆمەتی تێکدانی یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەت و ئەندامێتیی پەکەکە، خرانە زیندانەوە.
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە، هاووڵاتییانی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ