وەزارەتی پەروەردە: 600 باخچە و قوتابخانەمان نۆژەنکردوونەتەوە

09-01-2022
رێبوار عەلی
A+ A-

رووداو-رادیۆ

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی وەزارەتی پەروەردە وەستاون، بەتایبەتی باڵەخانەی قوتابخانە کە هەندێکیان 90٪ـیان تەواوبووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە لیستێکیان لەو پڕۆژە تەواونەکراوانە ئامادە کردووە و چاوەڕێدەکەن ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی بدات و تەواوبکرێن.
 
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هەوڵدەدەن ئەو قوتابخانانە تەواو بکەن کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیاندا وەستابوو، لە قۆناخی یەکەم لیستێکیان ئامادە کردووە کە 23 قوتابخانەیە و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و چاوەڕێدەکەن رەزامەندی لەسەر بدرێت و پارەیان بۆ خەرجبکرێت، هەروەها دەشڵێت لەم سێ ساڵەی کۆتاییدا 600 باخچە و قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە.
 
لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی دژی کۆرۆنا گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی، "بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا بەردەوام رێکار و رێنوێنی بۆ قوتابخانەکان دەردەکەین، بۆ تاقیکردنەوەکانیش هەموو پێداویستییەکی خۆپارێزی دابینکراوە، خۆشبەختانە رێژەی تووشبوون زۆر کەمی کردووە، بەڵام ئێمە رێوشوێنی خۆمان دەگرینەبەر، رێژەیەکی باشی مامۆستایانیش ڤاکسینیان وەرگرتووە و داوادەکەین ئەوانی دیکەش وەریبگرن، لە هەندێک قوتابخانە بە رەزامەندی دایک و باوکی قوتابییان ڤاکسین لەنێو قوتابخانەکان دراوەتە قوتابییانیش".
 
سامان سیوەیلی ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمساڵ هەموو پڕۆگرامەکانی خوێندن چاپی نوێیان دەرچووە، هەندێک پێداچوونەوەیان پێدا کراوە و هەندێکیش بەردەوامن لە پێداچوونەوە، ئەوانەی هەڵەی زمانیان هەیە یان بابەتەکانیان نەگونجاون، هەمووی چاکدەکرێن و پێداچوونەوەیان پێدا دەکرێت، هەندێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بێویژدانانە مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەکەن، بەڵام ئێمە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پڕۆگرامەکان دەکەین و رێگە نادەین سووکایەتی بەهیچ ئایین و پێکهاتەیەکی نەتەوەیی بکرێت".
 
هەروەها سەبارەت بە دواکەوتنی پارەی مامۆستایانی چاودێریی ئەزموونەکانی پۆلی 12 گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی، "دواکەوتنی پارەی مامۆستایانی چاودێر پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و گەنجینەکانەوە هەیە، ئەگەر نا لای ئێمە لیستەکان ئامادەکراون و ناردراون بۆ گەنجینەکان، بەڵام رەنگە لە وەزارەتی دارایی پێشینە بۆ مووچە دیاری کرابێت و بەو هۆیەوە پارەکە دواکەوتبێت، ئەگەر نا هیچ کەسێک مافی نافەوتێت و پارەکە وەردەگرن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی شاندی ئەمنیی هەرێمی کوردستان و عێڕاق لەگەڵ بەرپرسانی ئێران.

قاسم ئەعرەجی: بۆ جەختکردنەوە لە گرنگیی پاراستنى سنوور سەردانی ئێرانمان کردووە

راوێژکارى ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، سەردانیان بۆ ئێران بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر هەڵوێستى جێگیریى بەغدا لەبارەى گرنگیى پاراستنى سنوور و رێگرى لە بەقاچاخبردن و بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر.