ئەو ژنە مەریوانییەی لە ترسی دەستدرێژی لە پەنجەرەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە، گیانی لەدەستدا

08-09-2022
وێنەی شلێر
وێنەی شلێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو ژنە مەریوانییەی لە ترسی دەستدرێژیکردنەسەری لە پەنجەرەی ماڵێکەوە خۆی فڕێدابووە خوارەوە، دوای پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
 
شلێر رەسوڵی تەمەن 36 ساڵان و دایکی دوو منداڵ، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-09-2022 لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گیانی لەدەستدا. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شلێر دراوسێی ئەو کەسە بووە کە هەوڵیداوە دەستدرێژی بکاتەسەر. هاوژینی ئەو کەسە دووگیانە و شلێر جاروبار بۆ هاوکاریکردنی چووەتە ماڵیان، ئەو شەوەی رووداوەکە روویدا، پیاوەکەی دراوسێیان چووەتە دووی و پێیگوتووە، هاوژینەکەی پێویستی بە هاوکارییەتی، بەڵام دوای ئەوەی شلێر چووەتە ماڵیان، پیاوەکە دەرگەی لەسەر داخستووە و ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتەسەر، بەڵام شلێر خۆی بەدەستەوە نەداوە، هەڵاتووە و لە پەنجەرەوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە، بەهۆیەوە بە سەختی برینداربوو و، لەو رۆژەوە لە نەخۆشخانەی سنە بوو.
 
داواکاریی گشتیی مەریوان رۆژی سێشەممە 06/09/2022 رایگەیاند، دەستدرێژیکەر دەستبەسەرکراوە و لە ماوەیەکی کورتدا بە تووندی سزا دەدرێت. ئەو رۆژە ژمارەیەک لە چالاکڤانانی مافی ژنان لە بەردەم دادگەی مەریوان گردبوونەوە و داوایانکرد ئەو کەسە و هاوشێوەکانی سزا بدرێن و ئاسایشی ژنان بپارێزرێت. 
 
چالاکڤانێکی مافی ژنان لە مەریوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەیەکە ئازاردانی ژنان لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە زیاتر بووە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە هەزاران کەس لە دانیشتووانی مەریوان بە هەڵگرتنی تەرمی شلێر رەسوڵی بەنێوشاردا و بە خۆپێشاندان بەرەو گۆڕستانی شارەکە چوون. دەڵێن، شلێر و هاوشێوەکانی دەبنە قوربانیی کولتوور و یاسادواکەوتووەکان لەبارەی ژنان. بە دروشمی "ئەمڕۆ ببەستین پەیمان، رزگاری بێنین بۆ ژنان"، داوا دەکەن ئەو کولتوور و یاسایانە نەمێنن.
 
شلێر خێزاندار و دایکی دوو منداڵ بوو. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هاوژینی ئەو کەسەی هەوڵیدا دەستدرێژی بکاتەسەر شلێر، دووگیانە و شلێر جاروبار بۆ هاوکاریکردنی چووەتە ماڵیان. دەستدرێژیکەر دەستبەسەرکراوە و داواکاری گشتیی مەریوان رایگەیاندووە، بە سەختی سزای دەدەن، بەڵام ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی مەریوان دەڵێن، بەسەرهاتی شلێر مشتێکە لە خەروار و ئەو رووداوانە زۆر روودەدەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە