گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شنگال دەدۆزرێتەوە

08-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کارکردنی کۆمپانیایەکی ئیماراتی لە گەڕەکێکی سەنتەری قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە، کە رووفاتی پێنج کەسی تێدایە و لە قوربانیانی دەستی داعشن. بڕیارە رووفاتی ئەو کەسانە، کە سەرجەمیان شیعە مەزهەبی خەڵکی شنگالن، بنێردرێت بۆ بەغدا بۆئەوەی پشکنینی (DNA)یان بۆ بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە 08-05-2023 خەیری عەلی، بەڕێوەبەری رێکخراوی پێتریکۆر بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەبارەی دۆزینەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لە شنگال بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە کاتێکدا شۆفڵی کۆمپانیای دیمای ئیماراتی لە نزیک هۆتێلی گەشتیاری لە یەکێک لە گەڕەکەکانی سەنتەری قەزای شنگال کاری دەکرد، ئێسک و پرووسکی مرۆڤ دەرکەوتوون، دوای ئەوەی لەلایەن بنکەی پۆلیسی قەزاکەوە پەیوەندییان پێوەکردین، چووینە شوێنەکە و دەرکەوت گۆڕێکی بەکۆمەڵ لەو شوێنە هەیە، کە بڕیارە بکرێتە قوتابخانە."
 
سەبارەت بە  قوربانیانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکە روونیکردەوە، "ئێسک و پرووسکەکانی نێو گۆڕەکە هی پێنج کەسن و سەرجەمیان شیعە مەزهەبی شنگالن، لە قوربانیانی دەستی چەکدارانی داعشن و ئەگەری هەیە لە ساڵی 2014 کوژرابێتن."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، دوای یەکلاییکردنەوەی بوونی گۆڕی بەکۆمەڵ پەیوەندییان بە فەرمانگەی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کردووە و شوێن و پێگەکەیان بۆ ناردوون بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و پشکنینی DNA بۆ ئەو رووفاتانە.
 
تیمی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال، بە هاوکاریی نێوان تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات. بە گشتی 89 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە شنگال ئاشکرا کراون، کە تاوەکو ئێستا 39 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
 
مانگی سێی ئەمساڵ لە گوندی هەمەدانی رۆژهەڵاتی شنگال، رێوڕەسمی ئایینی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ ساز کرا، کە 30 رووفاتی تێدابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە