رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرگای خوێندنی باڵای ماستەر و دکتۆرای لە هەرێمی کوردستان کردەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2019-2020ـەوە پرۆسەکە وەستابوو. زانکۆی سەڵاحەدینیش پێشکێشکردنی داواکاریی خوێندنی ماستەر و دکتۆرای بە ئۆنڵایین کردووە.
ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرا، ئەمەش دوای دەستکردن بە پێشکەشکردنی کورسیی ماستەر و دکتۆرا لە 14 زانکۆ حکومییەکەی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزارەتەکە زیاتر لە حەوت هەزار و 600 کورسیی بۆ بڕوانامەکانی دکتۆرا، ماستەر و دیپلۆمی باڵا، لەسەر سێ بنەما راگەیاندووە: پێویستیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، پێویستیی دەزگا و فەرمانگە حکومییەکان و پێویستیی بازاڕ.
ئەنجوومەنەکە زۆریی ژمارەی کورسییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە لە ساڵی خوێندنی 2019-2020ـوە پرۆسەکە وەستابوو، بۆیە وەزارەتەکە دەیەوێت پرۆسەى خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکان، بکرێتەوە ساڵانە.
د. ژاڵە سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ "لە ساڵی 2019-2020ـەوە لەم کابینەیەدا یەکەم خول راگەیەنرا، هەتا ئێستا خولێکی نوێی پێشکەشکردن نەکراوەتەوە. ئەگەر ساڵانە ئەو پرۆسەیە هەبووایە، ژمارەکە بەم شیوەیە زۆرە نەدەبوو، لەهەمان کاتدا داواکاری و خواستێکی زۆر لەسەر خوێندنی باڵا هەیە".
بەشێکی زانکۆکان لە هەوڵدان بە ئاسانترین میکانیزم خوازیاران داواکارییەکانیان پێشکەشبکەن. بۆیە بۆ پرۆسەی پێشکێشکردن بۆ کورسی ماستەر و دکتۆرا، بەشێک لە زانکۆکان پرۆسەکەیان بە ئۆنڵایین کردووە و فێرخوازان دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە داواکاریی پێشکێشبکەن. یەکەمینیشیان زانکۆی سەڵاحەدینە.
دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێ "حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا بیریان کردەوە، کە خەڵکێکی زۆر بۆ خوێندن دەچنەدەرەوە، بیر کرایەوە کە ئەو گەنجانەی خۆمان بۆچی بۆ خوێندن بچنە دەرەوە! (ئەگەر) لێرە بخوێنن، سێ جۆری پێشکەشکردن هەیە: ئەوانەی چوارچێوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەشێک بۆ دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت، بەشێکیش کە پارالێڵە بۆ هەمووانە و تەنانەت ئەوانەی داشنەمەزراون".
ژیار سالاری ئەندازیارە و یەکێکە لەوانەی هەر زوو پێداوستییەکانی ئامادەکردووە تاوەکو بۆ خوێندنی ماستەر، داواکاری پێشکەشبکات.
ژیار دەڵێ "بەکالۆریۆسم لە بەشی میکانیکیی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین هەیە، لە ساڵی 2014-2015 دەرچووم. ئێستا دەمەوێت لە هەمان پسپۆریی خۆم، داواکاری بۆ خوێندنی ماستەر پێشکەشبکەم".
لە 2ـی ئەم مانگەوە پێشکەشکردن بۆ ماستەر و دکتۆرا دەستیپێکردووە و پرۆسەکەش تاوەکو 18ـی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ