پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی خوێندنی بڵاوکردەوە و مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن لە بایکۆت بەردەوام دەبن

08-01-2024
پێشەوا بەختیار
خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی.
خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی یەکەمین خۆپێشاندانیان لە ساڵی نوێ ئەنجامدا و جەختیان لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ساڵی رابردوویان کردەوە؛ دامەزراندنی وانەبێژان، دابەشکردنی مووچە و پلە بەرزکردنەوە داواکارییەکانیانن و بە کلیلی کردنەوەی قوفڵی دەرگای قوتابخانەکانیان داناوە و جارێکی دیکەش گوتیان، "بایکۆت بەردەوامە."
 
دڵشاد قادر، مامۆستای ناڕازی گوتی، "بە جلی هاوینەوە هاتم بۆ خۆپێشاندان، ئەوە ئێستا بە قەمسەڵەوە هەر کێشەکەمان چارەسەر نەکرا، دڵگرانین کە بایکۆتمان کردووە، بەڵام چار نییە."
 
شایان شیروان لە قۆناخی پێنجی بنەڕەتییە، لەگەڵ دایکی، کە مامۆستایە، لە خۆپێشاندانەکە بەشداریی کرد و داوایەکی ئاراستەی دایکی و حکومەت کرد، ئەو گوتی، "لە پۆلی پێنجم، حەز دەکەم قوتابخانە بکرێتەوە، ئەوەی فێری بووین لەبیرمان چووەتەوە، داوا دەکەم مافم بدرێتەوە، ئەویش کردنەوەی قوتابخانەیە."
 
لە هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین مامۆستایانی وانەبێژ و ناڕازی هاوشێوەی مامۆستاکانی سلێمانی چوونە سەر شەقام و رێپێوانیان ئەنجامدا، جارێکی دیکە بە وەزارەتی پەروەردەیان گوت، 117 رۆژە چاوەڕوانی ئەوەن وەڵامێکی جیدیتر بدرێنەوە.
 
نیگار محەممەد، مامۆستا دەڵێت، "شانازی بە وڵات و پیشەکەمانەوە دەکەین، بەڵام مافخواردنیش قبووڵ ناکەین."
 
لە گەرمیان بەڕێوەبەری 98 قوتابخانە بەڵێنی ئاساییکردنەوەی خوێندنیان داوە. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕیی میدیایی رووداو، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەرپرسی حکومی و حیزبی کۆبوونەوەی لەگەڵ کردوون؛ گوشار بۆ شکاندنی بایکۆت هەیە و پێیان گوتراوە، لە رۆژی سێشەممە 9ی کانوونی دووەمەوە دەرگای قوتابخانەکان بکەنەوە و هەر مامۆستایەک ئامادە نەبوو، بە نەهاتوو ئەژماری بکەن.
 
پەروەردەی سلێمانیش، ساڵنامەی خوێندنی بڵاوکردەوە و دەڵێن، وەرزی یەکەم تاوەکو رۆژی 19ی ئادار دەبێت و وەرزی دووەم تاوەکو 30ی ئایار؛ بەڵام دیار نییە مامۆستا ناڕازییەکان دەگەڕێنەوە یاخود نا، چونکە بڕیاریدرێژەپێدانی بایکۆتیان داوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە