رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل کەسێك گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە درەنگی شەوی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023 لەسەر رێگەی سەرەکیی خارپێت و شارۆچکەی پێرتاگی سەر بە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان روویدا.
ئۆتۆمبێلێک خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا کێشا و بەو هۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلی یەکەم بە ناوی یوسف م. گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی دیکەدا بریندار بوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان تیمەکانی تەندروستی، بەرگریی شارستانی و فەرماندەیی جەندرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی ئاماری بەشی هاتووچۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیاوە، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو سەرەتای تشرینی یەکەمی 2023 لە باکووری کوردستان و تورکیا 411 هەزار و 675 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە؛ بەهۆیانەوە دوو هەزار و 253 کەس گیانیان لەدەستداوە و 269 هەزار و 91ی دیکەش برینداربوون.
ساڵی 2022ـش لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و لە ئەنجامدا 2,282 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 291,151 کەسی دیکەش بریندار ببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ