رووداو دیجیتاڵ
بەشی زۆری دووکانەکان لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان داخراون؛ بازاڕی مەریوان رۆژی یەکشەممەش وەکو ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر مەرگی نەسرین قادری داخرا و ناڕەزایەتیی گەورە بەڕێوەچوو.
رۆژی دووشەممە 07-11-2022 بۆ دووەمین رۆژی لەسەریەک، بەشی زۆری خاوەن دووکانەکان لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دووکانەکانیان نەکردەوە و بۆ رێگرییش لە ناڕەزایەتی، هێزێکی زۆری ئەمنی لەنێو شاردا بڵاوکراوەتەوە.
ناڕەزایەتییەکانی مەریوان بەهۆی مەرگی نەسرین قادرییەوە گەورە بوون. بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە، ئەو رۆژی هەینی 04-11-2022 لە ناڕەزایەتییەکانی تاراندا بەشدار بووە و شەو هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵەکەی و دەستبەسەریان کردووە.
بە گوێرەی چالاکڤانانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو ژنە کوردە مەریوانییە "بە دار لێی دراوە و دواتر بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە."
بەڵام ئەحمەد قادری، باوکی نەسرین، رۆژی یەکشەممە 06-11-2022 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئێران ئەوەی رەتکردەوە و گوتی، کچەکەی نەخۆش بووە و لە کاتی خۆیدا چارەسەری بۆ نەکراوە؛ بۆیە گیانی لەدەستداوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە تەرمی نەسرین لە دۆخێکی ئەمنی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لە مەریوان بەخاکسپێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ