رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلە روویدا، بوومەلەرزەکە لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان و تورکیا هەستیپێکراوە.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، کاژێر 11:29 خولەکی ئەمڕۆ هەینی 7ی نیسانی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە ناوەندی پارێزگای چەولیگ لە قووڵایی 7 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانەکانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە. بەڵام لە سۆشیالمیدیادا بڵاوبووەتەوە کە بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی دێرسم، ئێلیهـ، ئامەد و مووشی باکووری کوردستان و قەیسەری تورکیا هەستیپێکراوە.
لە دوای بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی ئەمساڵ کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلە لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش ـیدا و زیانی بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا گەیاند، تائێستا زیاتر لە 24 هەزار پاشلەرزە تۆمارکراون.
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی چوارشەممە 5ی نیسانی 2023 رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە بۆ 50 هەزار و 399 کەس بەرزبووەتەوە.
بوومەلەرزەکە کاریگەری گەورەیشی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو و نزیکەی 6 هەزار کەسیش لەوێ گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ