رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی سنە لەبارەی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی تایبەت بە رۆژی جیهانیی ژنان هۆشداری دەداتە چالاکڤانانی شارەکە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەیەک چالاکڤانی مافی ژنان و چالاکڤانی کرێکاری لەلایەن بەشی هەواڵگریی پۆلیسی سنەوە هۆشدارییان پێدراوە، رێوڕەسمی تایبەت بە رۆژی جیهانیی ژنان (8ی مارس) بەڕێوەنەبەن.
هێزەکانی پۆلیسی سنە بەو چالاکڤانانەیان گوتووە، نابێت لە هیچ رێوڕەسمێکی تایبەت بەو یادە بەشداری بکەن.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی سنە بەڵێننامەی لە بەهار زەنگی بەند، سیمین چایچی و سورەیا خدری وەرگرتووە بۆ بەشدارینەکردن لە رێوڕەسمی 8ی مارس.
هەروەها هێزەکانی ئیتڵاعاتی سنە لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە ژمارەیەک چالاکڤانی سنەوە کردووە و پێیان راگەیاندوون، نابێت لە هیچ رێوڕەسمێکی تایبەت بە رۆژی جیهانیی ژناندا بەشداری بکەن.
حکومەتی ئێران رۆژی جیهانیی ژنان بە فەرمی ناناسێت، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەی نافەرمی لە ژمارەیەک شاری رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسمی تایبەت بەو رۆژە جیهانییە بەڕێوەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ