رووداو دیجیتاڵ
هێمن ئەحمەد، گەنجێکی دانیشتووی قەزای رانیەیە. ساڵی 2021 بە قەرز پارەی پەیداکرد و رێگەی پڕ مەترسیی کۆچی گرتەبەر، دوای گەیشتە بەریتانیا و مانەوەی بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک، داوای پەنابەرێتییەکەی رەتکرایەوە و سنوورداشی کوردستانیان کردەوە.
ئەو گەنجە گلەیی هەیە و دەڵێت، لەدوای گەڕاندنەوەی، هیچ لایەنێک هاوکاریی نەکردووە: "لەدوای سنوورداشکردنەوەم بۆ کوردستان، نە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، نە بەریتانیا، هیچیان بۆ نەکردووم. رێکخراوەکانی پەنابەرانیش ئاوڕیان لێ نەداومەتەوە."
هێمن ئەحمەد باس لەوەش دەکات کە لە بەریتانیاش دۆخی پشتگیری لە پەنابەران باش نییە، دەڵێت: "رێکخراوەکان هیچ بۆ پەنابەران ناکەن، تەنیا ئەوەی هەیە حکومەت شوێنی مانەوە و بژێویی سەرەتاییان بۆ دابین دەکات."
کۆچکردن لە راپەڕین سست بووە
تووندکردنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا، فرت و فێڵی قاچاخچییەکان و دەستگیرکردنی بەشێکیان لە چەند مانگی رابردوودا، بووەتە هۆی سستبوونی دیاردەی کۆچی گەنجان لە دەڤەری راپەڕین.
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ئاماژە بە رێککەوتنێکی ئەمنی دەکات و دەڵێت، "ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەنێوان دامەزراوەی نیشتمانیی بەریتانی و فەرەنسا و ئەورووپا لە مانگی یەکی ساڵی 2025 کرا، رێکارەکانی پاراستنی سنوورەکانی بە رووی پەنابەراندا تووندتر کردووە."
ئاماری قوربانییان و کۆچبەران
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەران، سەرەڕای کەمبوونەوەی دیاردەی کۆچ، تەنیا لە ساڵی رابردوودا (2024)، 47 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە، کە 13 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا: لە ساڵی 2023، نزیکەی 21 هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە، بەڵام لە ساڵی 2024دا، بەهۆی تووندکردنی سنوورەکان و رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان ئەو وڵاتانەی کۆچبەران رووی تێدەکەن، ئەو رێژەیە بۆ نزیکەی 8 هەزار کەس کەمی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ