رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کاری ئێران دەڵێت، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای کار و نوێنەرانی کرێکاران بۆ دیاریکردنی مووچەی کرێکاران بەردەوامە و کرێکارانیش داوا دەکەن بەپێی رێژەی هەڵاوسان مووچەکانیان زیادبکرێت.
ئەنجوومەنی کرێکاران و چالاکڤانان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان داوا دەکەن دۆخی خراپی ئابووری لەبەرچاو بگیرێت.
میکائیل سدیقی، سکرتێری ئەنجوومەنی کرێکارانی بیناسازیی ئێران رایگەیاند: "ئێمە وەکو کرێکار چاوەڕوانیمان ئەوەیە، حەقدەستمان بە پێی مادەی 41ی یاسای کار دیار بکرێت، واتە هەرچەند هەڵاوسان زیاد ببێت، پێویستە حەقدەستەکەش بە هەمان رێژە زیاد بکرێت. ئەگەر سەیری بکەین، لە ماوەی ساڵی رابردوودا نرخی هەندێک شت وەکوو خۆراک، یەکەی نیشتەجێبوون بە رێژەی 200 تاوەکو 300٪ زیادیکردووە. ئێستا ئەگەر حەقدەستی کرێکار 100٪یش زیاد بکرێت، بەشی بژێوی ژیانی کرێکاران ناکات. بەو پرۆسەیەی کە ئێستا ئەنجوومەنی باڵای کار، کاری لەسەر دەکات، پێشبینی دەکەین حەقدەستی کرێکاران بە رێژەی 30٪ زیاد بکرێت."
لە پاییزەوە تاوەکو ئێستا، وەزارەتی کار، ئەنجوومەنی باڵای کار و نوێنەری کرێکاران چوار جار بۆ دیاریکردنی مووچەی کرێکاران کۆبوونەتەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.
عەبدوڵڵا بڵواسی، چالاکڤانە لە مەریوان و دەڵێت: "بەپێی مادەی 41ی یاسای کار، حکومەت ناچارە هەموو ساڵێک مووچەی کرێکاران بە لەبەرچاوگرتنی نرخی هەڵاوسان زیاد بکات. ئەمەش لە ئێران دەکەوێتە سەر ئەنجوومەنی باڵای کار کە لیژنەیەکی باڵا بە ناوی لیژنەی دیاریکردنی حەقدەستی کرێکاران پێکدەهێنێت. لەو لیژنەیەدا نوێنەرانی کرێکار، خاوەن کار و دەولەت هەن. ئێمە وەکوو کرێکار هیچ کاتێک ئەو سێ لایەنەمان قبووڵ نەبووە، چونکە ئەوانەی بە ناوی نوێنەری کرێکاران لە لیژنەکەدان، لە راستیدا نوێنەری راستەقینەی کرێکاران نین و خۆشیان کرێکار نین. حکومەت بۆ سەپاندنی حەقدەستێکی کەم و شەرمهێنەر بەسەر سفرەی ئێمە کرێکاردا، ئەو کەسانە بەکاردەهێنێت."
چالاکڤانانی سەربەخۆی کرێکاران دەڵێن، نوێنەرانی "راستەقینەیان لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە دیاریکردنی مووچە بەشدار نین و حکومەت بە دڵی خۆی مووچەیەک دیاریدەکات، بەبێ ئەوەی دۆخی ئابووری، هەڵاوسان و گوزەرانی کرێکاران لەبەرچاو بگرێت."
عەبدوڵڵا بڵواسی باس لەوەش دەکات: "ئێمە دەبینین، کرێکاران رۆژانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و سفرەکانیان لە چاو ساڵانی رابردوو بچووکتر دەبن. راستە بڕی پارەکە زیاتر بووە بەڵام بەهای پارەکە لە راستیدا کەمترە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە کرێکار بە دوو مانگ و سێ مانگ نەتوانێ گوشت بۆ خێزان و منداڵەکانی بکڕێت. بە یەک ساڵ و دوو ساڵ نەتوانی جلوبەرگی نوێ بۆ منداڵەکانی دابین بکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کرێکار شەرمەزار بێت لە بەردەم خیزانەکەیدا."
ئێستا مووچەی کرێکاران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژانە 716 هەزار تمەنە. ئەگەر هەموو رۆژێک کاریان دەستکەوێت، مانگانە مووچەیان دەکاتە 21 ملیۆن و 480 هەزار تمەن. بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری، کرێکاران لە زۆربەی رۆژەکان کاریان دەستناکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ