رووداو دیجیتاڵ
دارەکانی باخی مامۆستایەکی ئایینی لە سنە بڕدرانەوە و ئاگر لە خانووی نێو باخەکەی بەردرا.
لە قەراخ شاری سنە، رۆژی چوارشەممە دارەکانی باخی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، پێشنوێژی مزگەوتی شارۆچکەی نەنەڵە بڕدراونەتەوە و ئاگر لە خانووەکەی لەنێو باخەکەدا بەردراوە.
مامۆستا ئیبراهیم کەریمی بە تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، نزیکەی 350 باخی دارەکەی بڕدراونەتەوە و هەروەها کەلوپەلی کشتوکاڵی و ئەو کەلوپەلانەی لە نێوماڵەکەیدا بوون سەرجەمیان سووتێندراون.
ئیبراهیم کەریمی، خەڵکی جوانڕۆیە و مامۆستایەکی ئایینی ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستانە. 10 ساڵە نیشتەجێی سنەیە. لە کاتی ناڕەزاییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە دەستبەسەر کرا.
ئەوە دووەمجارە زیان بەو باخەی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی دەگەیێندرێت، کە شەش ساڵە زەوییەکەی کڕیوە و کردوویەتە باخ.
بەهاری پار ژمارەیەک داری باخی ئەو مامۆستا ئایینییە بڕدرانەوە و بە گوتەی خۆی دوو ملیار و 300 ملیۆن تمەن زیان بە باخەکەی گەیێندرابوو.
مامۆستا ئیبراهیم کەریمی گوتی، تاوەکو ئێستا دیار نییە کێ زیانی بە باخەکەی گەیاندووە. راشیگەیاند، سکاڵای تۆمار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ