دانیشتووانی خەلەکان خۆپێشاندانیان کرد و داوای باشترکردنی ئاو و کارەبا دەکەن

06-12-2023
ژیڤان بەکر
خۆپێشاندەران رێگەی سەرەکیی هەولێر - سلێمانییان لە سنووری خەلەکان داخست
خۆپێشاندەران رێگەی سەرەکیی هەولێر - سلێمانییان لە سنووری خەلەکان داخست
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

دانیشتووانی خەلەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندانیان کرد و رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر - سلێمانییان داخست. نوێنەرێکی خۆپیشاندەران دەڵێت، "ئاو و کارەبامان کەمە و داوا دەکەین بۆمان زیاد بکرێت."

داواکارییەکی دیکەی خۆپێشاندەران بریتییە لە گواستنەوەی رێگەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی "نەخۆشیی شێرپەنجە" و داوا دەکەن بارهەڵگرەکان رێگەی دەرەوەی خەلەکان بەکاربهێنن.
 
رۆژی چوارشەممە، 6-12-2023، ژمارەیەک لە دانیشتووانی خەلەکان و گوندەکانی دەوروبەری گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کرد. کۆسرەت کە خۆی وەک نوێنەرێکی خۆپێشاندەران ناساند، بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی گوت، "داواکارییەکانمان زۆر سادەن. یەکەم شت داوای کارەبا دەکەین. کارەبای خەلەکان 5 کاژێر بۆ 6 کاژێرە. ئێمە ئاومان بە کارەباوە بەستراوەتەوە، چونکە ئەگەر کارەبا نەبێت، ئاویشمان نابێت. دەمانەوێ کارەبامان بۆ زیاد بکرێت".
 
"نوێنەرەکەی خۆپێشاندەران" گوتیشی، "رێگەی سەرەکیی هەولێر - سلێمانی کە بە نێو خەلەکاندا تێدەپەڕیت، رێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر نییە؛ رۆژانە رووداوی هاتووچۆ لەم رێگەیە روودەدەن. رێگەیەکی لاوەکی لە دەرەوەی خەلەکان هەیە و داوا دەکەین بارهەڵگرەکان بەوێدا تێپەڕن. نەخۆشیی شێرپەنجە لەنێو خەلەکان زۆر بووە و هۆکاریشی ئەو بارهەڵگرانەیە".
 
یەکێکی دیکە لە خۆپێشاندەران بە پەیامنێری رووداوی گوت، "ئێمە 17 گوندین. یەکشەممەی رابردوو بۆ کارەبا خۆپێشاندانمان کرد. کارەباکەیشمان پەیوەندی بە ئاوەوە هەیە. هیچ لایەنێکی بەرپرس نەهاتووە وەڵاممان بداتەوە."
 
خۆپیشاندەرێکی دیکەی خەلەکان بە پەیامنێری رووداوی گوت، "پێشتر خەلەکان 24 کاژێر کارەبای هەبوو؛ کارەباکەی لەسەر فیدەری 2 بوو و دواتر کردیان بە فیدەری 4. ئەم فیدەری چوارە درێژ دەبێتەوە تاوەکو رانیە. داوا دەکەین کارەباکەمان بخرێتەوە سەر فیدەری دوو کە تاوەکو بێستانەیە. ئەوکات گرفتی کارەباکەی ئێمەش چارەسەر دەبیت".
 
26-11-2023، دانیشتووانی خەلەکان و گوندەکانی دەوروبەری بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوە و هاوشێوەی ئەمڕۆ، رێگەی هەولێر – سلێمانیان داخست.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."