رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی لە کاتی بانگەشەکردن بۆ بەربژێرانی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند، "مێژوو شاهێدە پارتی بە هیچ شێوەیەک غەدر و سەپاندن قبووڵ ناکات، بەڵام بە نەرمی و لە پێناو کوردستاندا پارتی ئامادەیە لە بەشی خۆی بداتە هاوپەیمانەکانی".
ئەمڕۆ چوارشەممە 06-10-2021 نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان لە سلێمانی بانگەشەی بۆ بەربژێرانی پارتەکەی کرد و رایگەیاند، "کوردستان نموونەی پێکەوەژیانە لەگەڵ پێکهاتەکان و ئایین و نەتەوەکانی تر، نابێت ئەو جیاکارییە لە نێوان خۆماندا بمێنێت و وەک کورد، وەک خەڵکی یەک شار و ناوچە دەبێت ئەو جیاکارییە لە ناو ئێمەدا بە هیچ شێوەیەک نەمێنێت."
لە میانی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکان نارد و ئاماژەی بەوە دا، "بە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەڵێین، ئێستا کاتی گونجاوە بە یەک بەرنامە و ستراتیژیی هاوکارییەکی راستەقینە لەگەڵ عێراقییەکاندا دروستبکەین لە پێناو جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و نەهێشتنی بێبەشکردنی کوردستان لە ماف و بەشەبودجەکەی لە عێراقدا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "پارتی سلێمانی فەرامۆشنەکردووە، پارتی و سلێمانی پێکەوەبەستراون، پارتی و سلێمانی پێکەوە جوانن و بە دڵنیاییەوە پارتی و سلێمانی پێکەوە سەردەکەون".
نێچیرڤان بارزانی: با پێتان بڵێم بۆ سلێمانیم زۆر خۆشدەوێت pic.twitter.com/4GAOFwrpMm
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 6, 2021
نێچیرڤان بارزانی لە میانی پێشکەشکردنی گوتارەکەی رایگەیاند: "کاتێک کەدێمە سلێمانی و سلێمانی دەبینم زۆر دڵخۆش دەبم، چونکە بەڕاستی سلێمانیم خۆشدەوێ، سلێمانی شاری دایکمە، شاری باپیر و خزمەکانمانە، سلێمانیم خۆشدەوێت چونکە شاری ئەدەب و کوردایەتی و شاری هونەر و رۆشنبیرییە، شاری هەڵمەت و قوربانییە. بۆیە ئەو مافەم پێبدەم کە من نیوە سلێمانیم و نیوەی خەڵکی شارەکەتانم".
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێک لە لایەنەکان پەیام و لێدوانی تووندیان ئاراستەی یەکدی کرد، نێچیرڤان بارزانی لەو بارەوە دەڵێت، "پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ هەموومان ئەوەیە نەرم بین و ئارام بین، دەزانم و دەبیستم هەندێک کەس و لایەن هەموو توانا و تەکتیکێک بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر پارتی و هەموو پارتییەک، بەڵام دیسانەوە پێیان دەڵێین ئارام و لەسەرخۆبن و لە قسەی سەرۆک دەرنەچن".
یەکێکی دیکە لە تەوەری قسەکانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوو و رایگەیاند، "ئێستا لایەنە عێراقییەکان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ دژایەتی کوردستان ناکەن، چونکە دوای خۆپێشاندانەکانی تشرین خەڵکی عێراق تێگەیشت کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەیوەندی بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات هەیە لەلایەن ئەو حیزبانەی کە دەسەڵاتیان لەو سنوورەدا هەیە، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش وایە. ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە هیچ لایەنێک بیەوێت بە هێرشکردن و پەلاماردانی پارتی لەو ناوچەیە دەنگ کۆبکاتەوە."
لە سنووری سلێمانی ململانێیەکی تووند لە نێوان لایەنەکاندا هەیە بۆ بردنەوەی 18 کورسییەکەی ئەو پارێزگایە و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژاردنی رابردوو کورسییەکی بردووەتەوەو چاوی لەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە یەک کورسی بباتەوە.
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی پارزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانی کرد و گوتی: "پارتی بە ژمارەی دەنگەکان و کورسییەکانی لەو ناوچەیە تەماشای ئێوە ناکات، پارتی بە چاوی وەفاداری، دڵسۆزی و خەبات تەماشای ئێوە دەکات".
بۆ ئەم هەڵبژاردنە کە بڕیارە لە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت لە هەر بازنەیەک تەنیا یەک بەربژێری هەیە و چوار لە بەربژێرەکانی ژنن لە بازنەکانی یەک و دوو و سێ و چوار، بە هیوای ئەوەی کۆتای ژنان بەدەستبهێنێت. تەنیا لە بازنەی پێنج (گەرمیان) بەربژێری پارتی پیاوە.
لە سلێمانی 1.4 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بەسەر پێنج بازنەدا دابەشکراوە، 63 بەربژێر رکابەری دەکەن کە 49 بەربژێریان سەر بە 10 حیزب و هاوپەیمانی سیاسین، لەگەڵ 14 بەربژێری سەربەخۆ.
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی
زۆر سوپاستان دەكەم و زۆر بەخێر بێن..
پێش ئەوەی قسەكانم بۆ ئەم بانگەشهيەی هەڵبژاردن دەستپێ بكەم، دەمەوێ ڕوونكردنەوەیەك لەسەر وتاری دوێنێم بدەم لە دیدار لەگەڵ سەركردایەتیی كەركووك گەرمیان. دیارە لەوێ لە قسەكانمدا ناوی هەندێك شەهیدم هێناوە وەك نموونە، بێگومان دیارە ناوی هەندێكیشيانم نەهێناوە، تا ڕادەیەك دیارە هەندێك دڵگرانی دروست بووە. دەمەوێ لێرەوە داوای لێبوردن لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی كەركووك ـ گەرمیان بكەم و هیچ مەبەستێك لە ناوهێنان یان ناونەهێنان نەبووە، مەبەست تەنها وەك نموونە بووە، ئەگەرنا بۆ ئێمە ئەمانە هەمووی ئازیزی كوردستانن و هەرچی ئێمە ئەمڕۆ هەمانە لە سایەی خوێنی شەهیدانی كوردستان و خەباتی پێشمەرگە و ماندوبوونی ئێوەیە. سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كوردستان دادەنوێنم، سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنم بۆ بنەماڵەی شەهیدان و جارێكی دیكە ئەگەر لەم بابەتە هەندێك دڵگرانن، داوای لێبوردن لە هەموو كەسوكاری شەهیدان دەكەم.
بەخێرهاتنتان دەكەم كادیرانی پارتی، مامۆستایانی بەڕێزی ئاینی كە لێرە تەشریفیان هێناوە، ئەندامانی ئەنجومەن، ئەندامانی لق و پێشمەرگە قارەمانەكان كە هەموویان تەشریفیان لێرەیە، هەموو لایەكتان بە خێر بێن سەرچاو، سەر سەر، بە خێر بێن.
خەڵكی خۆشەویستی پارێزگای سلێمانی، پارێزگاى هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین..
خۆشحاڵم و دڵم خۆشە كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە پايتهختى ڕۆشنبيرى، شاری سلێمانيی خۆشەویست، لە شارە حەیاتەكە، لە شاری هەڵمەت و قوربانی.
خۆشحاڵم بەوەی كە سڵاوی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتيی پارتیتان پێ بگەیەنم، سڵاوی جەنابی سەرۆك بۆ خەڵكی شار و پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور، بۆ خەڵكی دەروازەی ڕاپەڕین و گەرمیانی خۆڕاگر. پشدەر و بیتوێن، بۆ ههموو ناوچه و قهزا و ناحييهكانى ئهم دهڤهره. ئێوە خۆشەویستی ئێمەن. ئێمە، بە ئێوەوە سەربەرزین.
بەهۆی كۆرۆناوە زۆر خۆشەویستمان لەدەست دان، سەرەخۆشی بۆ كەسوكاری هەموو ئەوانەی بە كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە، هیوای چاكبوونەوە بۆ ئەوانە دەخوازم كە تووشی ئەم پەتایە بوون و هيوادارم خوای گەورە سەبووريی هەموو لایەكتان بدات و ئێوە و گەلی كوردستان و هەموو خۆشەویستان بە خۆشی و تەمەندرێژی ببینین پەنا بەخوا و هیوادارم دوور بن لە هەموو بەڵایەك. سوپاس و پێزانینم بۆ كارمەندانی تەندروستی لهم دەڤەرە و له هەموو كوردستان، سوپاسێكی تایبەتییان دەكەم بۆ ئەو ئەركە و ئەو ماندوبوونەی كە شەو و ڕۆژ دەیكێشن و كار دەكەن، دەستیان دەگوشم و سوپاسیان دەكەم.
من بۆ خۆم كە سلێمانی دەبینم و كە دێمە سلێمانیش زۆر دڵخۆش دەبم، چونكە بە ڕاستی سلێمانیم خۆشدەوێت، سلێمانی شاری دایكمە، سلێمانی شاری باپیر و داپیر و خزمانمە. سلێمانیم خۆشدەوێت، چونكە شاری ئەدەب و كوردایەتییە، شارى هونهر و ڕۆشنبيرييه، شاری هەڵمەت و قوربانییە، ئەمانە هەمووی وایكردووە كە سلێمانیم خۆش بوێت. ئێوە سلێمانین، بەڵام ئەو مافەشم پێدەن كە منیش نيوهم سلێمانیيه، نیوەم خەڵكی شارەكەتانە، سڵاو لە هەموو سلێمانیانی خۆشەویست، سڵاو لە هەموو ئەم دەڤەرە. سڵاو لە گەرمیانی خۆڕاگر و ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، خۆشهويستی ئێمەن و ئێمە هەمیشە یادیان دەكەین. وەك هەمووتان بۆ هەڵەبجە و ئەنفال، گریاوم. ئێوە هەمووتان كەسوكاری ئێمەن. ئێوە بەشێكی خۆشەویستی گهلى كوردستان و نەتەوەی كوردن.
هەڤاڵانی خۆشەویست ...
بەشداریی ئەمڕۆی ئێمە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و پشتیوانیكردن لە كانديدانى پارتی دیموكراتی كوردستان و بینینی كادیرەكان، هەر بۆ ئەوە بووە كە ئەمڕۆ ئەم بانگەشەیە ئەنجام بدەین لە سلێمانی، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە دوای هەڵبژاردن و لە ئایندەیەكی نزیكدا بۆ بینینی ئەو تێكۆشەرانە، بۆ بینینی ئەو ئەو پێشمەرگانە سەردانی ئەم دەڤەرە دەكەینەوە و لە نزیكەوە هەموویان دەبینین، جا با لەوەدا دڵنیا بن.
خۆشەویستان تێكەڵاويی بنەماڵەی بارزان لەگەڵ سلێمانی و ئەم ناوچەیە، دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەكی كۆنتر لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان. مێژووی خەبات و ئەرشیفی وێنەكانی بنەماڵەی بارزان و بنەماڵەی شێخ مەحموودی حەفید و بنەماڵەكانی پێنجوێن و هەڵەبجە و پشدەر و بيتوێن و گەرمیان، شایەتی ئەو پەیوەندییەن. هەموومان دەزانین پەیوەنديی بنەماڵەی بارزان لەگەڵ شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر چۆن بووە. هەموومان دەزانین لە چلەكاندا خەڵكی سلێمانی چەند ئازایانە هاوكاريی بارزانيی نەمر و بارزانییەكانییان كرد ئەوانەی كە دوور خرابوونەوە و لە سلێمانی دەژیان، لەم شارە دەژیان. هەر لە سلێمانى، شێخی نەمر و كەسایەتییەكانی شار، هاوكاريی بارزانیيان كرد بۆ گەڕانەوە بۆ بارزان و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش لە ناوچەی بارزان، ئەوە لە سلێمانی دەستی پێكردووە. لە سەرەتای دروستكردنی دەوڵەتی عێراقدا، شەڕ هەمیشە لەگەڵ دوو ناوچە بووە، لەگەڵ سلێمانی و بارزان بووه، چونكە هەردوو ناوچە پێكەوە پێشەنگ بوون لە شۆڕشدا، پێشەنگ بوون لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی كوردستاندا.
بارزانيی نەمر، زۆر بایەخی بەم ناوچەیە داوە، لەبەرئەوەش لە سەرەتای دامەزراندنی پارتیيهوه، ڕاسپاردەیەكی سەرەكيی بارزانيی نەمر ئەوە بوو كه شێخ لەتیفی نەمر، هاوكار و جێگری بێت لە سەرۆكایەتيی پارتیدا. بارزانيی نەمر، جگە لە پەیوەنديی خەباتگێڕانە، ویستوویەتی پەیوەنديی كۆمەڵایەتی و خێزانیيشی لەگەڵ سلێمانی و ناوچەكەدا بەگشتی، زیاتر و بەهێزتر بكات، لەبەرئەوەش ژنخوازی لەگەڵ بنەماڵەكانی سلێمانی و پێنجوێندا كردووە، هەروەها ماوەیەكی زۆریش پشدەر و بیتوێنی كردووەتە مەڵبەندی سەركردایەتيی شۆڕش.
لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، یەك گوند، یەك شار و یەك شارۆچكە و یەك گەڕەكی سلێمانی و گەرمیان و شارەزوور نهبووه، قارەمانی و خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدا تۆمار نەكرابێت. لە شۆڕشی گوڵاندا، سەرەڕای هەموو ڕێگرییەكان، پارتی دەیان داستانی قارەمانيهتیی پێشمەرگە لەم ناوچەیەدا تۆمار كردووە. دەیان داستانی شۆڕشی گوڵان، شایەتی بۆ ئەو ئازایەتییە و ئەو خۆڕاگرییەی پێشمەرگەی پارتی دەدەن لەم ناوچەیە، لەوانەش دەتوانین ناوی دەیان داستان بهێنینەوە، بە نموونە داستانەكانی: قەرەداخ، ئەحمەد ئاوا، سەید سادق، شانەدەری، شارەزوور، چیای سوورێن، كانی سێف و چۆمەرەسی، شارستێن و بیارە. یەكەمین گوللەكانی دەستپێكردنەوەی شۆڕش لەناو شاری سلێمانیدا كە ئاراستەی دوژمن كراون، بە بەشداريی ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. هەڤاڵینە، خۆڕاگريی ڕێكخستنەكانی پارتی لە سلێمانی، لە زیندانی ئەمنە سوورەكە و هەیئەی كەركووك و زیندانی ئەبوغرێبدا، وەك ئەفسانەی خۆڕاگری لەگەڵ ئازادیخوازانی تر، بۆ ئێمەش باس دەكرێت.
كوردستان نموونەی پێكەوەژیانە لەگەڵ پێكهاته و ئايين و نەتەوهكانی تر، نابێ ئەو جیاكارییە لەنێوان خۆماندا بمێنێ وەك كورد و وەك خەڵكی یەك شار و یەك ناوچە، دەبێ ئەو جیاكارییە لەناو ئێمەدا بە هیچ شێوەیەك نەمێنێت.
بە هەموو حیزب و قەوارەكان لە سلێمانی دەڵێین: با هەموومان بە هەستی ئەحمەد موختار بەگی جاف، بە ڕووحی كوردانەی پیرەمێرد، بە حەماسەتی بێكەس، بە جوانبینییەكەی گۆران و بە پەرۆشییەكەی نەجمەدینی مەلا، منداڵەكانمان و نەوەی تازهى ئەم ناوچەیە و هەموو كوردستان، پەروەردە بكەین. نابێ كەس لە كوردستان ڕەشبین و بێ هیوا بكەین، دەبێ ئارامی و خۆشی و خۆشگوزەرانی بڵاو بكەینەوە. داواتان لێدەكەم ڕەخنەی دڵسۆزانەی خەڵكی ئەم ناوچەیە، پێكەوە بكەینە هۆكاری ڕاستكردنەوەی هەڵەكان، نەك هەوڵ بدەن بیكەنە ڕق دژی پارتی، چونكە خەڵكی سلێمانی حەزی لە ئارامی و ژیانە، نەك ڕق و شڵەژان.
خەڵكی خۆشەویستی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە...
خەڵكی خۆشەویستی ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان...
پارتی بە ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی لەم ناوچەیە تەماشای ئێوە ناكات، پارتی بە چاوی وەفاداری، بە چاوی دڵسۆزی، بە چاوی خەبات تەماشای ئێوە دەكات. پارتی سەرەتا لەم شارەدا ڕەگەكانی قایم كردووە. پارتی كە سەركەوتووە، سەرەتا لەم شارەدا گەشەی كردووە. ئێمە وەكو پارتی قەرزداری ئەم دەڤەرەین، قەرزداری سلێمانین. سلێمانییەكان و هەڵەبجەییەكان و گەرمیانییەكان و خەڵكی پشدەر و بیتوێن، خۆشەویستی ئێمەن. سەمایەداران و وەبەرهێنەرانی ئەم شارە و ئەم ناوچەیە شاهێدن، چەند ئاسانكارییمان بۆ كردوون بۆ پڕۆژەكانیان لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین. بەپێی توانا پشتیوانيی هەموو پڕۆژەیەكی پەروەردەیی و ئاوەدانیمان كردووە لەم ناوچەیە، پڕۆژەیەكی باش و جوان لە هەولێر ئەگەر هەبووبێت، حەزمان كردووە، هەوڵمان داوە و كاریشمان كردووە هەمان پرۆژە لە سلێمانیش هەبێت. منەت بەسەر كەسەوە ناكەین، ئەوانە هەموویان ئەركی ئێمە بوون و، خزمەتكردنێكی زۆر زیاتری ئێوە بە ئەركی خۆمانی دەزانین. ئەزموونی ئاوەدانيی كوردستان نموونەیە لە عێراقدا، بەڵام ئێمە زۆر لهمه زیاترمان لە پلاندا بوو.
شەڕی ئابووريی عێراق و شەڕی داعش دژی كوردستان، دوای ئەویش كۆرۆنا، كۆسپی بۆ دروست كردین، ئەگەرنا زۆر زیاترمان دەكرد. ئێستا بووژانەوە و ئاوەدانكردنەوە دەستی پێكردووەتەوە، دڵنیاین ئەگەر لە بەغدا یەك بین و لە كوردستانیش دژی یەكتر نەبین و تەنیا ڕكابەرییەكی دڵسۆزانە بۆ كوردستان بكەین، دەتوانین ئاوەدانيی زیاتر و دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان دابین بەدەست بهێنین. ئێمە ئەمڕۆ لێرەوە لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، داوای هاوكاری و یەكهەڵوێستی لە هەموو لایەنەكان دەكەین. داوایان لێدەكەین و پێیان دەڵێین فەرموون وەرنە پێشەوە، دەست و دڵی ئێمە وەك پارتی بۆ یەكبوون لەپێناو كوردستاندا، وهك ههميشه كراوەیە. ههمووى چوار ڕۆژيتره، دهبێ پێكهوه بچينه بهغدا و ههموومان ئهركى بهرگريكردن له مافه دهستوورييهكانى ههرێمى كوردستان و فيدرالى و دهستكهوتهكانى گهلى كوردستان، جێبهجێ بكهين. دهبێ پێكهوه هاوكار بين و پێكەوە هەموومان كوردستان سهربخهين. مێژووی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین، مێژووی هاوپەیمانیمان شاهێدە، پارتی بە هیچ شێوەیەك غەدر و سەپاندن قبووڵ ناكات، بەڵام بە نەرمی و لەپێناو كوردستاندا، پارتی ئامادەیە لە بەشی خۆی بداتە هاوپەیمانەكانی.
ئەمڕۆ پێتاندەڵێم: بۆ نەهێشتنی هەڕەشەكان لەسەر كوردستان و بۆ دەستكەوتی زیاتر، بۆ پاراستنى ئێستا و داهاتووى ههرێمى كوردستان و نهوهكانمان، دەبێ پێكەوە بین. بە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەڵێین: ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بە یەك بەرنامە و ستراتیژ، هاوكارییەكی ڕاستەقینە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا دروست بكەین لەپێناو جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، لەپێناو نەهێشتنی بێبەشكردنی كوردستان لە ماف و بەشەكەی لە بودجەی عێراق. ئێستا لایەنەكانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی دەنگ، دژایەتيی كوردستان ناكەن، چونكە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرین، خەڵكی عێراق تێگەیشت كێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەكانیان له باشوور و ناوهڕاستى عيراق، پەیوەندی بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەوە هەیە لەلایەن ئەو حیزبانەی كە دەسەڵاتدیان لەو سنووردا هەیە. ههروهها له ههرێمى كوردستانيش وایە، ئيتر ئهو سهردهمه بهسهر چووه كه هيچ لايهنێك بيهوێت به هێرشكردن و پهلاماردانى پارتى لهم ناوچهيه، دهنگ كۆبكاتهوه، ئەو سەردەمە بەسەرچوو! ئەو سیاسەتە تا ماوەیەكی درێژ لە عیراق پەیڕەو دەكرا، هەر پرۆژەیەك كە نەدەكرا، دەیانگوت خەتای هەرێمی كوردستانە، خەڵك تێگەیشت و هۆشیار بوو، ئەمڕۆ هیچ حزبێك لە عیراق لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا هێرش ناكاتە سەر هەرێمی كوردستان، بە دڵنیاییەوە لە ناو هەرێمی كوردستانیش ئەو سەردەمە بەسەرچوو قسە بە پارتی بڵێی و دەنگ كۆبكەیتەوە، مللەت هۆشیارە. ئهو سياسهت و تهكتيكه، ئيتر بهتاڵ بووهتهوه! خهڵك بهتاڵى كردووهوهتهوه! خهڵك زۆر لهوه وشياتره، ئيتر خەڵك بهو قسانە ههڵناخهڵهتێت، بە دڵنیاییەوەش هەڵناخەڵەتێت. هێرشكردنە سەر پارتی و پهلاماردانى پارتى، چيتر ڕێگهيهكى دروست نييه، دروست نییە بۆ كۆكردنهوهى دهنگ، ڕێگەیەكی هەڵەیە. ئهو ڕۆژگاره، ئيتر بهسهر چوو! گەلی كوردستان ئەمڕۆ هەموو شتێك دەزانن، دەزانن كێ خزمەتكاری ئەم گەلەیە، دەزانن كێ بەرگری لەم گەلە كردووە، دەزانن چۆن ئاوەدانی كراوە، ئەمانە هەمووی دەزانن، ئەو قسانە ناخوات و هیچ پێویستیش ناكات دووبارەی بكەنەوە.
خۆشەویستان و هەڤاڵان...
پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ هەموومان ئەوەیە: نەرم بین و ئارام بین. دەزانم و دهبيستم، هەندێ كەس و لایەن هەموو توانا و تەكتیكێك بەكاردەهێنن بۆ هێرشكردنە سەر پارتی و هەموو پارتییەك، بەڵام دیسانەوە پێتاندەڵێین ئارام و لەسەرەخۆ بين و لە قسەی سەرۆك دەرنەچين! هەڤاڵینە دەبێ هەموومان باش بزانین بەرد دەگیرێتە بەرزەكان، نەك ئەوانەی كە كەوتوون. هەڤاڵانی پارتی، خۆشەویستان، ئێمە شانازی بە دەستكەوتەكانمانەوە دەكەین، بۆ كێ؟ شانازی بەو دەستكەوتانەوە دەكەین كە بۆ گەلی كوردستان بەدەستمان هێناوە، شانازی بە پشتیوانیی گەلی كوردستان دەكەین بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەو دەستكەوتانەمان بەدەستهێناوە، ئێوە بوون پاڵپشتی شۆڕشی كوردستان كە ئێمە توانیمان بەردەوامی بەو ڕێگەیە بدەین. دوای نسكۆی ساڵی 1975 زۆر خەڵك بێئومێد ببوو كە جارێكی دیكە شۆڕش دەستپێبكاتەوە، بەڵام گەلی كوردستان بە پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، جارێكی دیكە شۆڕشیان دەستپێكردەوە. ئێمە لەناو پارتی فێر بووین بە بەرپرسیاريهتی سەیری سەركەوتنەكانمان دەكەین، ئێمە وەك بەرپرسیاريهتی، تەماشای هەموو ئەو سەركەوتنانە دەكەین كە پارتی بەدەستیهێناوە، بە دڵنیاییەوە لە هەر بەڕێوەبردنێكدا كەموكوڕیش دەبێت، دان بەو كەموكوڕییانەشدا دەنێین، بەڵام كارنامەیەكی دوور و درێژیشتان هەیە كە خۆتان شانازی پێوە بكەن وەك پارتی، دەستكەوتن بۆ ئێوە وەك پارتی و دەبێت شانازیشی پێوە بكەن. هەڤاڵینە بۆ پارتی سهركهوتن، ئهركه، ئەگەر لە هەر شوێنێك پارتی سەر بكەوێت مانای غروور نییە، پارتی لە هەر شوێنێك سەركەوێت، بەرپرسیارەیەتیی پارتی زیاد دەبێت. پارتی بە هیچ پیلانگێڕی و نسكۆیەك نەبەزیوە، بە هیچ سەركەوتنێكیش لە مێژووی خۆیدا مەغروور نەبووە، لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی چونكە دەزانین كە سەردەكەوین، بە پشتگیريی میللەت سەردەكەوین، بە پشتگیریی دڵسۆزانی خۆمان سەردەكەوین، هەر كاتێكيش بە پیلانێكی ناوچەیی كەوتبین، دووباره بە پشتیوانيی كوردستان و بە پشتیوانیی گەلی كوردستان پارتی هەستاوەتەوە و پێشەنگیش بووە، بۆیەش هەموو سەركەوتنێكی پارتی بۆ گەلی كوردستانە و هەموو نەبەزینێكیشی، بەهۆی پشتگيريى گەلی كوردستانە. پارتی ئامرازێكە بۆ سەركەوتن و پێشكەوتنی كوردستان، سەركەوتنی گەلی كوردستانیش ئامانجی پارتییە، پارتی بۆ ئەوە دامەزراوە. هەر لەبەرئەوەشە ئەمڕۆ هاتووین بە سلێمانی، بۆ هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان پێیان بڵێین: هەمووتان بەیەكەوە پارتی سەربخەن. كه پارتى سهركهوێت، واته كوردستان سهردهكهوێت. واته كوردستان پارێزراو دهبێت! كە پارتی سەركەوت، واتە كوردستان بەهێز و ئاوەدانتر دەبێت.
هەڤاڵینە...
گەنجانی خۆشەویستی ئەم دەڤەرە ...
داوا دەكەم بە وردی تەماشای مێژووی پارتی بكەن، لە بنەماكانی بیر و بەرنامە و كاری پارتی ورد ببنەوە بە هێمنی، ئەوكات بە ڕاستی بۆ هەمووتان دەردەكەوێت، بۆ هەموو گەنجان دەردەكەوێت كە پارتیبوون شانازییە. پارتی حیزبی كەسانی خاوەن باوەڕ و كاری هاوچەرخە. لەبەرئەوەش پارتی بەردەوام نوێدەبێتەوە و پێشدەكەوێت. هەر لەبەرئەوەشە لە كاتی ئاشتیدا، پارتی زیاتر پێشدەكەوێت و دەتوانێ ئاوەدانی بۆ كوردستان دروست بكات. هەڤاڵینە، پارتی حیزبی دەستكەوتەكانە، پارتی حیزبی ئاوەدانی و ئارامییە، پارتی حیزبی دروستكردنی دهرفهتى كارە بۆ گەنجان و پارتی حزبی دەرفەتی كار و خۆشگوزەرانییە بۆ كوردستان. پارتى ههموو ئهمانهى به تاقيكردنهوه سهلماندووه، ئەوانەی كە باسم كردن، هەموو بە تاقیكردنەوە پارتی سەلماندوویەتی و خهڵكى كوردستان ههموو ئهمانهى به ئهزموون له پارتى و حوكمڕانى و دهسهڵاتى پارتى بينيوه. لێرەوە لە سلێمانی به ههموو لايهك دهڵێين: ئيتر دروست نييه چيتر به بڕيارى پێشينهى بنياتنراو لهسهر بنهماى ڕقى كوێرانه و كۆنهقين سهيرى پارتى بكەن، چونكه: شوكر بۆ خوا، شار و خهڵكى شار هۆشیارن و تێدەگەن كە دنيا چ باسه!
ئێمه بارى قورس و ئێش و ئازارى پارتييهكانى ئهم سنووره باش دهزانين و ههميشه دڵمان لهگهڵياندايه، دەزانین پارتیبوون ئاسان نییە و قورسە، من جارێكی دیكەش گوتوومە كە ئێوە دوو جار پارتین نەك جارێك، پهيامى ئێمە ڕوونه: نامانهوێت بچينهوه سهر ئازارهكانى ڕابردوو، ئێمه چاومان له داهاتووه، داهاتوويهكى باشتر بۆ ههموو كەسێك، داهاتوویەكی باشتر بۆ هەموو كوردستان، داهاتوویەكی باشتر بۆ هەموو كوردستانیان. داهاتوويهك، ههموومان پێكهوه، به متمانه، به يهكڕيزى و بە تهبايى، پێكەوە بنياتى بنێين، ئەوەیە ئەوەی كە پارتی دەیەوێت! داهاتوويهك ههڵهى ڕابردووى تێدا دووباره نهكرێتهوه و پهندى لێوهرگرين. داهاتوويهكى جوان مرۆڤ و بير و كوردستانى تێدا ئاوهدانتر و گهشاوهتر بن. دڵنيام، ههموو چين و توێژهكانى خهڵكى سلێمانى، ههڵهبجه، گهرميان، ڕاپهڕين و تهواوى ئهم دهڤهره، ههموويان بۆ داهاتوويهكى وا كۆكن و هاودەنگن لەگەڵمان و هاودەنگیش لەگەڵمان دەمێننەوە، چونكە ئەوەی ئەوان دەیانەوێ و پارتی دەتوانێت جێبەجێی بكات، ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانییە. دووپاتى دهكهينهوه: پارتى لهپێناو ئهو داهاتووهدا، لهپێناو ههموو پێكهاتهكانى خهڵكى كوردستاندا، ئامادهى ههموو هاوكارييهكه لهگهڵ ههموو لايهنهكان. بانگى پارتى، وهك ههميشه: پێكهوهيى، يهكڕيزى، تهبايى، هاريكارى و هاوبهشييه.
گەنجانی خۆشەویست..
پارتی دیموكراتی كوردستان، جووڵەی خستە هەموو مێژووی هاوچەرخی گهلى كوردستانهوه. لەوكاتەوەی پارتی دامەزراوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان یەك ڕۆژیش نەوەستاوە، كوردستان یەك ڕۆژیش بێ پێشمەرگە نەبووە، لەوەتەی كە پارتی دامەزراوە، ڕۆحیەتی خۆڕاگری لەناو گەلی كورستاندا بەردەوام بووە، پارتی ئەو شەرەفەی هەبووە كە پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیيی گەلی كوردستان بووە. لەو ڕۆژەوەی پارتی دامەزراوە، بزووتنەوەی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری لە كوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەشەی كردووە و پێشكەوتووە. هیچ شۆڕشێكی پارتی بێ دەستكەوت نەبووە بۆ كوردستان، خوێنبەخشینی پارتی، بەبێ دەستكەوت نەبووە بۆ هەموو كوردستانیيان. بۆ یەكەمجار لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا، پارتی بە سەرۆكایەتيی بارزانيی نەمر، توانی دانپێدانانێكی یاسایی بە هەبوونی كوردستان وەك نیشتمان لە دەوڵەتی عێراقەوە بە دەست بهێنێت لە ڕێگەی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970ەوە. بۆ یەكەمجار لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا، هەر لە ڕێگەی ئەو ڕێككەوتنەوە، پارتی توانی دانپێدانانێكی یاسایی بۆ مافی حوكمڕانی و خۆبەڕێوەبردنی كوردستان دهستهبهر بكات، ئهوهش بە بەدەستهێنانی مافی ئۆتۆنۆمی بوو لە ساڵی 1970. ئەم دەستكەوت و دانپێدانانە، هەبوونی یاسایيی كوردستان و كێشەی كوردی بە تەواوی لە قۆناغی ئینكاركردن دەرباز كرد. بزووتنەوەی كوردی لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا بردە قۆناغێكی دیكە. هەر ئەو ڕێككەوتنەش بووە بنچینەی ڕاگەیاندنی فیدراڵی لە ساڵی 1992 و دەستووری عێراق لە ساڵی 2005دا.
گەنجانی خۆشەویستى سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین...
زۆر دڵخۆشم كە چالاكییەكانی ئێوە دەبینم بۆ پاراستنی ژینگە و لەپێناو بڵاوكردنەوەی هۆشیاريی ژینگەییدا. ئەمە، ئێستا یەكێكە لە بزووتنەوە جیهانییەكان و یەكێكە لە سەرەكیترین كار و چالاكییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان. هیوادارم پەرە بەو چالاكیانەتان بدەن و ئێمەش وەك پارتی پشتگیریتان دەكەین، چونكە پاراستنی ژینگە یەكێك بووە لە بنەما سەرەكییەكانی عەقیدەی بارزان. یەكێك بووە لە بنەماكانی فكر و كاری پارتی دیموكراتی كوردستان. پێكەوەژیان، چارەسەری ئاشتیانە، پاراستنی ژینگە، بنەماكانی كاری هاوچەرخی مرۆڤایەتین ئەمڕۆ لە جیهاندا. ئەم سێ بنەمایە بنچینەی خەباتی زۆر حیزب و بنەمای بزووتنەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتين. ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان شانازی بەوە دەكەین كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتییەوە، خاوەنی ئەو سێ بنەمایە بووین لە فكر و لە بەرنامە و لە پەروەردە و لە خەباتی پارتیدا. بە كردەوەش پەیڕەومان كردوون.
هەڤاڵانی خۆشەویستم ...
سیستەمى ئهمجارهى هەڵبژاردن تازەیە و لەوانەیە هەندێكیش ئاڵۆز بێتە بەرچاو. بەڵام ئەگەر ئێوە وەك هەڤاڵانی پارتی بتوانن تەنیا یەك كار بكەن، دەتوانن گەورەترین سەركەوتن بۆ پارتی تۆمار بكەن و هەر پێنج كاندەیدەكەی پارتی لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین سەربخەن بۆ پەرلەمانی عێراق. ئەو كارەش ئەوەیە، ئەگەر بتوانن گشت پارتییەكانی هەموو بازنەكان بەشدار بكەن لە ڕۆژی دەنگداندا، یەك دەنگ بۆ پارتی زۆرە، با ئەو هەستە دروست نەبێت كە هەر سەردەكەوین، سەردەكەوین بەڵام یەك دەنگیش بۆ پارتی زۆرە و دەبێت هەموو لایەك هەست بە بەرپرسیاريهتیی مێژووییی خۆی بكات و لەو ڕۆژەدا هەموومان بەیەكەوە بەرەو سەندووقەكانی دەنگدان بچین. ئەگەر كارێكی وا بكەن هەموو ئەندامان و لایەنگرانی پارتی لە ڕۆژی 10ی مانگ دەنگ بدەن، ئەوكات هەموو كاندیدانی پارتی لێرە دەردەچن. ئەگەر هەموو ئەندامان و لایەنگرانی پارتی بەشدار بن، دڵنیا بن ئەمجارە گەورەترین سەركەوتن لێرە تۆمار دەكەین. ئينجا دڵنياش بن، ئەو سەركەوتنە گەورەیە پەنا بەخوا بە پشتیوانیی ئێوە و بە پشتیوانیی گەلی كوردستان، كاريگهريى ئهرێنيى ئهم سهركهوتنه بهسهر ههموو ڕوويهكى ژيانهوه لهم ناوچهيه، له سلێمانى، ههڵهبجه، له گهرميان و ڕاپهڕين و هەموو كوردستان ڕهنگدهداتهوه. بۆیە داوا لە ئێوە و هەموو لایەنگرانی پارتی دەكەم ڕۆژی 10/10 بەشدار بن و دەنگ بدەنە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان. یەك دەنگ زۆرە بۆ پارتی هەڤاڵینە، پارتی دەنگی هەموو لایەنگران و پارتییەكانی دەوێت، پارتی دەنگی كوردستانییەكانی دەوێت، پارتی دەیەوێت پێیان بڵێت دەرفەتمان پێ بدەن، یارمەتیمان بدەن، پشتیوانیمان بكەن و دڵنیا بن ئێمەش جێگەی متمانەی ئێوە دەبین. ئەگەر پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەهێز بێت، كوردستان بەهێزە. بیرتان دێت ئەوكاتەی كە كوردستان تووشی كێشە بوو؟ هەندێك دەنگی شاز لەناو پەرلەمانی عیراقدا زۆر دژی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان كاریان كرد و زۆریش هەوڵیان دا كە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تێكدەن، بە خوا هاوكاريی هەموو دوژمنانیان كرد بۆ تێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ تێكنەچوو؟ بە دڵنیاییەوە پێتان بڵێم، چونكە پارتی بەهێز بوو، بۆیە تێكنەچوو. هەر ئەندام و لایەنگرێكی پارتی دەنگ بدات، خزمەتێكی گەورەیە بۆ پارتی، خزمەتێكی گەورەیە بۆ كوردستان، خزمەتێكی گەورەیە بۆ ئاوەدانیی كوردستان، من بە خەڵكی ئەو دەڤەرە دەڵێم ئەو چانسە بدەن بە پارتی، داوایان لێ دەكەم كە ئەم چانسە بدرێت بە پارتی، بزانن پارتی چۆن مامەڵە دەكات، بزانن ئایا لە ئاستی ئەو باوەڕە دەبێت كە پێتانداوە یان نا؟ با تاقی بكەنەوە، بەڵام هەر باسی ڕابردوو بكەن، هەر باسی ئەو ڕق و كینەیە بكەن و بڵێن پارتی وا و پارتی وا! نەوەیەكیان پەروەردە كردووە بەو ناوە تەنیا بۆ ئەوەی دژایەتیی پارتی بكەن! خەڵك تێگەیشتووە، ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان هۆشیارە و دەزانن و تێدەگەن، تێگەیشتوون كە كێییە پارێزەری كوردستان، تێگەیشتوون كە كێیە پارێزەری ئەم وڵاتە و ئەم دەستكەوتانە، بۆیە با ئێمە شێوەی كاركردنمان لەو دەڤەرە بگۆڕین. وەك پارتی دڵنیام لەوەی كە دەتوانین سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنین، پارتی سلێمانی فەرامۆش نەكردووە، پارتی و سلێمانی بەیەكەوە بەستراوەنەتەوە، پارتی و سلێمانی بەیەكەوە جوانن، بە دڵنیاییەوە پارتی و سلێمانیش بەیەكەوە سەردەكەون پەنا بەخوا.
هەڤاڵانی پارتی..
ئەوانەی لێرەن و ئەوانەی ئێستا لەسەری شاشەی تەلەڤزیۆن تەماشای ئهم ڕێوڕهسمه دەكەن..
پێتانخۆشە مونافەسەیەك بكەین، دەتانەوێت مونافەسەی من بكەن؟ من بەتەمام ڕۆژی 10ی مانگ بچمە سەر سەندووقی دەنگدان و دەمەوێ یەكەم كەس بم، ئەگەر لەناو ئێوە هەیە و دەیەوێ مونافەسەی من بكات و بەرلە من لەسەر سەندووقی دەنگدان بێت، با دوایی ئاگادارم بكات لە فەیسبووك بۆم بنووسێت یان بە ناوچە و لقەكان بڵێن كە ئێمە پێش ئەو چووین. چونكە نامەوێ ئێمە بدۆڕێنین، یەكەم كەس دەبم لەسەر سهندووقی دەنگدان و بەشدار دەبم. ئینجا ئەوا من داوا لە ئێوەش دەكەم (پێش من دەچی كاكە؟ با بزانین با بزانین) من خۆم كاتژمێر 7ی بەیانی لەسەر سەندووقی دەنگدانم و كێ پێش من لەوێ دەبێت با دەست بەرز بكاتەوە. كێ پێش من لەوێ دەبێت؟ من بۆ لەوێ دەبم؟ چونكە نیازم نییە بدۆڕێنین. ئینجا ئێمە بەیەكەوە بهڵێنێكمان دا با بزانین چۆن دەبێت. با بزانین ئێوە پێش من لەسەر سەندووقی دەنگدان دەبن یان من؟. من داواتان لێدەكەم بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە بۆ سەرخستنی پارتی كە بە ڕاستی شایستەی ئەوەیە سەركەوێت. پارتییەكانی ئەم دەڤەرە زۆر زەحمەتیان كێشاوە، پێشتر پێمگوتن و دووبارەی دەكەمەوە كە پارتیبوون ئاسان نییە، ئەو ڕۆژە پێویستە ئێوە پارتی سەربەرز بكەن، دەبێت ئێوە پارتی دڵنیا بكەن لەوەی كە ئەو هەڤاڵانەی كاندیدی پارتین دەردەچن. بەم بۆنەیەوه بە مۆڵهتى ئێوە داوا لە كانديدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم تەشریف بهێنن بۆ سەر ستێچ. دەڵێن ناوی شارباژێرم نەهێناوە، ئەوە كاك دەروێش شاهێدە كە من چەند لە شارباژێڕ بووم و ماوەیەكی دوور و درێژ لەو سنوورە بووم، من داوای لێبوردن دەكەم ئەگەر ناوی هەر شوێنێكم نەهێناوە و لێم قبووڵ بكەن و باسى هەموو كەسێكمە و خۆشەویستیی من بۆ هەموو لایەكە.
لە كۆتایيی ئەم ڕێوڕهسمهدا دەڵێم، لەم هەڵبژاردنەدا مەبەست ئەوەیە كە پارتی سەركەوێت، مەبەست سەركەوتنی پارتی سەركەوتنی هەموومانە، هیچ مەسەلە كەسەكان و عەشیرەت نییە، دەمانەوێت پارتی سەركەوێت، بۆیە بە وریایی و بەپێی ئەو نەخشەیەی كە لەلایەن سەركردایەتییەوە دانراوە، زۆر پێويسته پەیڕەوی ئەو نەخشەڕێگایە بكرێت و بێگومان هەموو لایەكمان هەوڵ دەدەین پەنا بەخوا ئەم بەڕێزانە دەربچن و بچنە پەرلەمانی عیراق و بێگومان لەوێش داكۆكیكاری سەرەكی دەبن لە مافەكانی گەلی كوردستان. من لێرەوە دووبارە سوپاسی هەموو لایەكتان دەكەم، هەموو لایەكتان بە خێر بێن بەسەر چاو، هیوادارم پەنا بەخوا بە خۆشی بتانبینمەوە، هەروەك باسیشم كرد ئەو بەڵێنە جێبەجێ دەكەم ئەگەر ئەمجارە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هاتووین و پێشتریش دەرفەت نەبووە لەبەر كۆرۆنا و چەند هۆكارێكی دیكە، بەڵام دوای ئەمە دڵنیاتان دەكەینەوە كە دێینەوە و بە خزمەتتان دەگەین و ئەو شۆڕشگێڕ و تێكۆشەرانە دەبینینەوە و لەگەڵتان دادەنیشین و پەنا بەخوا بە بەرنامەیەكی نوێوە كار لەسەر ئەم دەڤەرە دەكرێت.
هەموو لایەكتان بە خێر بێن..
زۆر سوپاستان دەكەم..
كوردستان ئاوەدان بێت و ئێوەش خۆش بن و بەخێر بێن سەرچاوان..
زۆر سوپاس...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ