کوردستان
چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریای نزیک لە تورکیا لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە ئۆکتۆبەری 2021 راهێنان دەکەن. وێنە: Reuters/ Khalil Ashawi
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژادنی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
زەکی ئاکتورک، راوێژکاری رۆژنامەڤانی و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی حوزەیران لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە، قسەی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە رۆژئاوای کوردستان کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاڤای کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیاربوو لە 11ی حوزەیراندا بکرێت بۆ ئابی داهاتوو دواخرا.
زەکی ئاکتورک گوتی: "لەبارەی ئەو پرسە سەرۆککۆمارمان هۆشداریی پێویستیان داوە. ئەم بە ناو هەڵبژاردنانە دەبێت بە تەواوی هەڵبوەشێندرێنەوە. قبووڵکردنی دۆخێکی لەو جۆرە جێگەی باس نییە".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، ئەوان پێداگری دەکەن کە هەڵبژاردن "بە شێوەیەکی دیموکراسیانە" بەڕێوەبچێت. دواخستنی هەڵبژاردن لەسەر داوای پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکان بووە. بەهۆی نەبوونی کات بۆ بانگەشەکردن و بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بە بانگهێشتکردنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڕیارەکە دراوە.
دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڕیاریدا لە 11ی حوزەیران هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکرێت، هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رووی لە زیادبوون کرد.
تورکیا دەڵێت، پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە "پێگەیەکی بەهێزی هەیە" و لەسەر ئەو بنچینەیەش تاوەکو ئێستا چەندین ئۆپەراسیۆنی زەوینی و ئاسمانی کردووە.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا هەرێمی عەفرین و ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ