رووداو - هەولێر
چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هایتێکس بۆ تەکنەلۆژیا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە. وەکو هەموو ساڵێک، ئەو ئەپلیکەیشنانەی لەلایەن گەنجانی ناوخۆیی دروستکراون، بەشی دیاری پێشانگەکە بوون.
رەسەن بەدرەدین، خاوەن بیرۆکەی هۆملی دەڵێت، "ئەم ئەپلیکەیشنە زیاتر لە مەجالی خانوبەرەدا کارایە، کەسێک کە کاتی نییە سەردانی نووسینگەی خانووبەرە بکات، لە رێگەی ئەم ئەپلیکەیشنەوە دەتوانێت تەنانەت نێو خانووەکانیش ببینێت."
بەکارهێنانی بەردەوامی مۆبایل و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا وایکردووە زۆربەی پێداویستی و داواکارییەکانی ژیان لە رێگەی ئەپلیکەیشن و بە شێوەی ئۆنلاین جێبەجێ بکرێت.
رێبوار بورهان، خاوەنی ئەپلیکەیشنی بێزبت دەڵێت، "سەردەمی ئێستا سەردەمی ئەپلیکەیشنە، ئەم ئەپلیکەیشنە کە دروستمان کردووە، لەڕێگەیەوە بە شێوەی ئۆنلاین بەرهەم دەفرۆشین."
عیماد بالەک، خاوەنی ئەپلیکەیشنی زیبۆکس ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو جۆرە کاڵایەکمان هەیە لە جلوبەرگ، کارەبایات و هەموو شتێک کە پێویستیی رۆژانەیە و خەڵک دەتوانن داوای بکەن."
120 کۆمپانیا لە 20 وڵاتەوە بەشدارن لە پێشانگەکە، حەوت پانێلیش لە هایتێکس پێشکێش دەکرێن، کە پانێلیستەکانیان لە حەوت وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.
محەممەد سابیر، دەرچووی زانکۆ ئەوەی خستەڕوو، "پێشانگەکە وەکو ساڵانی رابردوو نییە، کۆمپانیاکان زیاتر بۆ ریکلامی خۆیان هاتوون، ئەوە نییە بڵێی داهێنانیان کردبێت." ئەمیر ئەرسەلانیش خوێندکاری زانکۆیە و دەڵێت، "ئامانجی منیش ئەوە بوو کە بێم کۆمپانیاکان بناسم و ئەگەر هەلی کار هەبێت دابمەزرێم."
لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هایتێکس جگە لە نیشاندانی بەرهەمی تەکنەلۆژی، "کۆنفرانس سازدەکرێت و ئەستێرەکانی داهاتوو و گۆشەی کاریگەر" دەناسێنرێن، بۆ ماوەی چوار رۆژیش بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ