راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: گلەییمان لە ئیدارەدانی کەرتی نەوت و گاز لە عێراق هەیە

06-06-2022
ئەحمەد حەمید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی ئەمڕۆ تیشک خرایە سەر کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری پێکهاتەکان و سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی کێشەی دارایی و نەوت و گازەوە. راوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "گلەییمان لە شێوازی ئیدارەدانی کەرتی نەوت و گاز لە عێراق هەیە."
 
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان و سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا باسیان لێوەکرا.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ زەمینەسازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەمڕۆ لەبارەی پرسی پێکهاتەکان و مافەکانیان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ نوێنەرەکانیان ئەنجامدا.
 
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق داوادەکات لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان نەخەنە ناو ململانێ سیاسییەکانیان، لەبارەی کۆبوونەوەکەشەوە گوتی، "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە رەوشی پێکهاتەکان و بابەتی کۆتا لە هەڵبژاردنی پەرلەمان. لە رابردوودا زۆر قسە لەسەر ئەو بابەتە کرا و رای جیاوازی لەسەر بوو، بۆیە هەر بڕیارێک لەبارەی گۆڕانکاری لە سیستمی کۆتا لە هەرێمی کوردستان هەبێت، دەبێت نوێنەری پێکهاتەکان بڕیاری لەسەر بدەن."
 

 
ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانی مافی پێکهاتەکان بووە، ئەو کۆبوونەوەیە بەو واتایەیە کە سەرۆکی هەرێم دەیەوێت جارێکی دیکە جەخت لە پشتیوانیکردنمان بکاتەوە."
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان داوای ئەوە دەکات، سیستمی هەڵبژاردن بۆ کۆتاکان یەک بازنەیی بێت و دەڵێت، "بۆچوونی زۆرینەی پێکهاتەکان ئەوەیە کە پێکهاتەکان بە سیستمی یەک بازنەیی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن، دوایین هەڵبژاردنی عێراق بە سیستمی فرەبازنەیی بەڕێوەچوو، بەڵام بۆ پێکهاتە و ئایین و ئاینزاکان، بە یەک بازنەیی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو، ئەگەر ئەوە لە هەرێمی کوردستان بکرێت لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکانە."
 
ئایدن مەعروف داوا دەکات، نەکرێن بە لایەنێک لە ململانێ سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پێیوایە، "ئێمە لایەنێک لەو کێشە و ململانێ سیاسییانە نین کە لەناو لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و ناشمانەوێت ببین بە لایەنێک و داواکارین پێکهاتەکان نەکرێنە لایەنێک لەو ململانێیە. لە هەمان کاتدا، دەمانەوێت ببینە فاکتەرێکی گرنگ بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان."
 
لەبارەی کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکان ئایدن مەعروف ئەوەی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ لایەنێک داوای کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکانی نەکردووە، بەڵام کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکان چارەسەر نییە و ئەوە بۆچوونێکی زۆر هەڵەیە، دەبێتە هۆی پاشەکشێ لە بنەماکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی گوتیشی، "ئێمە وەکو پێکهاتەکان رازی نابین بە کورسیی کۆتاکان و پێشتریش داوامان کردووە لە 11 کورسییەوە بەرز ببێتەوە بۆ 15 کورسی، لەبەرئەوە نەتەوەی تورکمان کە دووەم نەتەوەیە لە هەرێمی کوردستان، دەبێت رەچاوی ئەو داواکارییەیان بکرێت کە کورسییەکانیان لە پێنج کۆتاوە بکرێت بە حەوت کورسیی کۆتا، بۆئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی فراوان بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بکەن."
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەبارەی کێشەی دارایی و نەوت و گازەوە
 
مژارێکی دیکەی بوولتەنی کاژێر 12:00 سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق. سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدانە بە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شاندەکە لەبارەی کێشەی دارایی و نەوت و گازەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکەن.
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتەوە بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو شاندە تەکنیکییە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە، بەداخەوە هەمیشە هەوڵدەدرێت ئەو کێشانە دوابخرێت و چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە."
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی، شاندەکە لەبارەی کێشەی دارایی، نەوت و گازەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکەن.
 

 
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و د. خالید ھادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی ھەرێمی کوردستان.
 
د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00 لەوبارەیەوە گوتی، "لە هەشت مانگی رابردوودا بەهۆی نەبوونی حکومەتێکی بەهێز پێشێلکاریی دەستووری ئەنجامدراوە، ماددەکانی دەستوور جێبەجێ نەکراون و حکومەتی عێراقی زیاتر بەرەو حکومەتێکی مەرکەزی دەبەن."
 
راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکانی نەوت و گاز لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە کێشەیەکی ئیدارییەوە کراوەتە کێشەیەکی سیاسی؛ عێراق پێویستی بە حکومەتێکی بەهێزە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە و چارەسەرکردنی گرفتەکان.
 
د. بێوار خنسی پێیوایە، "باشترین رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت و گاز لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا گەڕانەوەیە بۆ ماددەکانی دەستوور، رەخنەگرتن لە یەکدی نامانگەیێنێتە چارەسەری گرفتەکان، بەڵکو پێویستە ئێمە دابنیشین چارەسەری گرفتەکان بکەین، ئەو چارەسەرەش تەنیا ماددەکانی دەستوورە."
 
راوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "ئەو تۆمەتانەی بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان و فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل، دوورن لە کاری دەوڵەتداری، ئەگەر ئەم گرفتانە بە زوویی چارەسەر نەکرێن، رەنگە کاری نەخوازراو رووبدات."
 
د. بێوار خنسی گوتیشی، "یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نایاسایی نییە و هەڵناوەشێندرێتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، چونکە ئەو کۆماپانیایانە خزمەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەکەن، ئێمەیش گلەییمان لە شێوازی ئیدارەدانی کەرتی نەوت و گاز لە عێراق هەیە، بە دانانی سیاسەتێکی هاوبەش بۆ کەرتی نەوت دەتوانین بگەینە چارەسەر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت وەڵامی زاوایەکی سەدام حوسێن دەداتەوە

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کەسێک بەناوی جەمال مستەفا تکریتی رەتدەکاتەوە، کە "لێدوانی ناڕاست"ـی بەناوی مەسرور بارزانییەوە بڵاوکردووەتەوە.