رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا - میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سلێمانی، کەسێكی بەناوی "حوسنو کومەک" ناسراو بە "شەڤگەر ئازاد" کردووەتە ئامانج کە گوایە یەکێک بووە لە بەرپرسانی پەکەکە لە سلێمانی/کەلار.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی، ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوی کردووەتەوە، حوسنو کومەک کاری گەیاندن و پاسەوانی بۆ جەمیل بایک و دوران کاڵکان، ئەندامانی سەرکردایەتیی پەکەکە کردووە و کەسێكی نزیکیش بووە لێیان.
وەک میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، شەڤگەر ئازاد لەنێو هەواڵگریی پەکەکەیشدا بووە و لە سلێمانی و کەلار ئەرکی راهێنانی کەسانی نزیک لە پەکەکەی راپەڕاندووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، حوسنو کومەک لە ساڵی 1999 ـدا چووەتە نێو پەکەکە و لە ساڵانی 2002-2003 بەرپرسی کاروباری راگەیاندنی دوران کاڵکان بووە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو هەواڵەوە بڵاونەکردوەتەوە.
میدیای فەرمیی تورکیاش وردەکاری لەبارەی کات و شوێنی دیاریکراوی بە ئامانجگرتنی ئەو "بەرپرسەی پەکەکە" بڵاونەکردوەتەوە.
سوپای تورکیا جگە لەوەی لە بەرزاییەکانی دهۆک لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە، جاروباریش بە درۆن هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ژمارەیەک ئامانج لە ناوچەکانی دیکە.
یەکێک لە دوایین هێرشە درۆنییەکان لە سنووری سلێمانی رۆژی 1ی ئاداری 2024 بوو کە خانوویەکی لە کەلار کردە ئامانج.
عەقید عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەو رۆژە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکە بە درۆن بووە و ماڵێکی کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە."
هاوکات، شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار هەمان رۆژ بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی بە درۆن کراوەتە ئامانج لە سەربانی خانوویەک بووە و ویستوویەتی تەنکیی ئاو پڕ بکات، بەڵام مووشەک بەریکەوتووە. مووشەکەکەش سەقفی خانووەکەی کون کردووە.
جومعە کەریم، گوتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانیش رۆژی 1-3-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج بارەگای ئەوانە لە کەلار، بەڵام بە فەرمی بەکاری ناهێنن و تەنیا بۆ کۆبوونەوە بەکاریانهێناوە.
تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەوەی تورکیا باسی دەکات ئەو بۆردوومانە بووە یان نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ