رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی زۆر لەو دەرمان و قڕکەرە کشتوکاڵییانەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانن، قەدەخەکراون. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش دەڵێت "ئەگەر دەرمانەکان رێگەپێدراویش بن، لەژێر چاودێریدا بەکارنەهێنرێن، مەترسیی گەورەیان لێدەکەوێتەوە".
بەرنامەی لەگەڵ رەنج (یەکشەممە، 05-03-2023) بە میوانداریی شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی و نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ، د.ئیبراهیم عیسا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی رووەك، زەردەشت عەبدولوەهاب، راوێژكاری كشتووكاڵی و ماستەر لە نەخۆشییەكانی رووەك، ئەمیر دارا، جووتیار و د. رێبوار ئەحمەد، پسپۆڕی پاراستنی رووەك سازکرا و تێیدا پرسی بەکارهێنانی دەرمان و قڕکەرە کشتوکاڵییەکان و تەندروستیی بەروبوومەکانیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
دەرمانی قەدەخەکراو لە بازاڕەکان
د. ئیبراهیم عیسا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی رووەك رایگەیاند: "لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەیان دەرمانی قڕکەر هەن، کە چەندین دەیەیە لە لیستی دەرمانە قەدەخەکراوەکانی جیهان و عێراقیش دان، بەڵام چەند تۆنت بوێت، لە بازاڕ دەستت دەکەوێت".
د. ئیبراهیم عیسا گوتی: "ئەو دەرمانانە لە مرۆڤدا دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی خوێن، تەنگەنەفەسی، پێست، شێرپەنجە و تەنانەت نەزۆکیش. ئێستاش قڕکەرێک لە هەرێمی کوردستان بەکاردێت کە کاتی خۆی ئەمریکا لە شەڕی ڤێتنام لە دارستانەکان دەیڕشاند بۆ ئەوەی گەڵای دارەکان بوەرێت و دواتر بەهۆیەوە کۆمەڵێک نەخۆشیی مەترسیدار لەنێو ڤێتنام و سەربازە ئەمریکییەکاندا بڵاوبووەوە".
ئەو پسپۆڕە کۆمەڵێک دەرمانی قڕکەری هێنابووە ناو بەرنامەکە کە جووتیاران لە هەرێمی کوردستان بەکاریان دەهێنن و ئاماژەی بەوە دا "زۆربەی هەرەزۆری ئەو دەرمانانە بەپێی پێوانەی WHO و لیستی وەزارەتی کشتوکاڵیی عێراقیش قەدەخەکراون و نابێ هەبن، کەچی لە کوردستاندا دەستدەکەون و لە مارکێتەکان بۆ لەناوبردنی مێروو و مشکیش بەکاردەهێنرێن".
هاوکات د. رێبوار ئەحمەد، پسپۆری پاراستنی رووەک دەڵیت: "دەرمانێک هەیە لە بازاڕ و لەسەر عارەبانەکان بۆ لەناوبردنی جرج و مشک بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت کە ناوی مووبیتە، ئەو دەرمانە ئێجگار مەترسیدارە و دەبێ لەژێر چاودێری وردی پزیشکیی پسپۆردا بڕشێنرێت، کەچی دەدرێتە هاووڵاتیان و دەڵێن لەناو دەبەیەکی بکە و بە ناوماڵدا بیڕشێنە، ئەو دەرمانە نەخۆشیی پێست دروستدەکات و کاریگەری لەسەر هێلکەدانی ئافرەت دادەنێت کە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵی ناکامی ببێت".
نەخۆشکەوتنی خاک
د. رێبوار ئەحمەد، پسپۆڕی پاراستنی رووەك باسی لە کۆمەڵێک ئافات و نەخۆشی کرد کە بەهۆی هاوردەکردنی پەیین و دەرمانە قڕکەرەکانەوە خاکی هەرێمی کوردستانیان ئاڵوودەکردووە. گوتی "ساڵی 2010 لەگەڵ خوێندکارەکانم بۆ پشکنینی نیماتۆدا کە جۆرە کرمێکە لە خاک گەشەدەکات، یەک کێڵگەمان لە سلێمانی دۆزییەوە ئەو کرمەی تێدابێت، بەڵام ساڵی 2016 بە دەگمەن زەوی لە سلێمانی دەستکەوتووە کە نیماتۆدای تێدا نەبێت".
ئەو پسپۆرەی پاراستنی رووەک دووپاتی دەکاتەوە: "بوونی کرمی نیماتۆدا گەورەترین کێشەی زەوی کشتوکاڵییە و کۆنترۆڵکردنی یەکجار قورسە، لەبەرئەوەی لەناو خۆڵدا دەژیت و لە رێگەی پیتمۆس و شەتڵەوە بە ئاسانی دەگوازرێتەوە. ئەو مشەخۆرە لە رێگەی پەیینی پیتمۆس هاتووەتە هەرێمی کوردستان و گەشەی کردووە".
د. رێبوار ئەحمەد پێیوایە: "پیتمۆس زۆر بە ئاسانی و بە بێ پشکنین هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەوە لەکاتێکدا بۆ دڵنیایی لە تەندروستبوونی، تەنیا یەک پشکنینی پێویستە، کە بە پێنج خولەک ئەنجامەکەی دەردەچێت".
چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمانە قڕکەرەکان
زەردەشت عەبدولوەهاب، راوێژكاری كشتوكاڵی و ماستەر لە نەخۆشییەكانی رووەک گوتی: "دەرمانە قڕکەرەکان، بەوانەشەوە کە تەندروستی جیهانی قەدەخەی کردوون، ئەگەر لەژێر چاودێریی پسپۆڕی شارەزا و بە شێوازی زانستی بەکاربهێنرێن نەک مەترسی، بەڵکو سوودیشیان دەبێت، دەرمانی 24D و پەموو کە لە دنیادا قەدەخەکراون، ئێستا لە ئێران بەکاردەهێنرێن، بەڵام لە هەولێر زۆر بەکەمی ئەم دوو دەرمانە بەکاردەهێنرێن".
بەگوتەی زەردەشت عەبدولوەهاب: "مەرج نییە تەنیا ئەو دەرمانانە بەکاربهێنرێن کە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە رێگەپێدراون، ئەگەر قڕکەری متمانەپێکراوترین کۆمپانیاکانی جیهانیش بهێنرێتە هەرێمی کوردستان و شێوازی بەکارهێنانەکەی دروستنەبێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجە و دەیان نەخۆشیی مەترسیدار".
زەردەشت عەبدولوەهاب روونیکردەوە: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەشی چوار مانگ بەروبوومی ناوخۆییمان هەیە، هەشت مانگەکەی دیکەوە لە ئێرانەوە میوە و سەوزە هاوردە دەکەین کە ئەو دەرمانە قەدەخەکراوانە لەم وڵاتە بەکاردەهێنرێن. هەر بەروبوومێکی جوان و پوختت بینی کە لە دەرەوە هاوردەکراوە، دڵنیابە زیاترین دەرمانی قڕکەری بۆ بەکارهاتووە".
ئەم راوێژکارە کشتوکاڵییە پێیوایە: "لە هەرێمی کوردستان بەشێکی جووتیاران پەیڕەوی رێنمایی ئەندازیار و پسپۆڕانی کشتوکاڵی ناکەن بۆ بەکارهێنانی دەرمان و لە رێژەی خۆی زیاتری بەکاردەهێنن، بۆیە هەندێک جار ئەو مێرووانەی لە زەوییەکانیاندا هەن، بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئەو دەرمانە، بەرگرییان بەرزدەبێتەوە و لەناوناچن".
"زیاتر لە 850 کیلۆگرام دەرمان گیراوە"
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كشتووكاڵی سلێمانی و نوێنەری وەزارەتی كشتووكاڵ رایگەیاند: "قایمقامی ناوەندیی سلێمانی زۆر هاوکاری تیمەکانمانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەرمانە قەدەخەکراو و بەسەرچووانەی لە بازاڕەکاندا بڵاوبوونەتەوە، ژمارەی ئەو نووسینگانەی لە پارێزگای سلێمانی دەرمانە قڕکەرەکانیان تێدا دەفرۆشرێت، نزیکەی 225 نووسینگەن".
شاڵاو جەمال دەڵێت: "ساڵی 2022 لیژنەکانمان 674 جار سەردانی ئەو نووسینگانەیان کردووە و لەو ماوەیەدا دەست بەسەر زیاتر لە 850 کیلۆگرام دەرماندا گیراوە، ئەو لیژنانە رۆژانی پشووش لە کارکردنیان بەردەوامن".
بەڕێوەبەری گشتیی كشتووكاڵی سلێمانی گوتیشی: "هەر دەرمانێک کە لە لیژنەی گشتیی تۆمار و متمانەی عێراقیدا تۆمارنەکرابێت، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین لە مەرزەکانەوە بێتە ناوەوە، هەر ئەمڕۆ لە باشماخ دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە قڕکەری مەترسیداردا گیراوە".
زانیاریی جووتیاران لەسەر بەکارهێنانی قڕکەرەکان
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی پێیوایە: "ئەو مادە قڕکەرانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان رێگەپێدراون، جووتیارانی ئێمە ئاگاییان لەسەر شوێن و شێوازی بەکارهێنانەکەیان نییە".
شاڵاو جەمال دەڵێت: "لە ساڵی 2013ـەوە رێنمایی بۆ پێدانی مۆڵەت بە نووسینگەکانی فرۆشتنی قڕکەرە کشتوکاڵییەکانیان دەرچووە، بەڵام لەنێویدا مەرج دانەنراوە ئەو نووسینگە ئەندازیاری کشتوکاڵییە دەرچووی پاراستنی رووەکی تێدابێت، بەڵام من بەدەر لە رێنماییەکان و بە نایاسایی ئەو مەرجەم سەپاندووە بۆ ئەوەی ئەندازیارەکان رێنمایی بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە بدەنە جووتیاران".
دەرمانە قەدەخەکراوەکان لە هەرێمی کوردستان
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی دووپاتیدەکاتەوە: "ئەو دەرمانە قڕکەرە قەدەخەکراوانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، هەموویان لە رێگەی قاچاخەوە دەهێنرێن، لەبەرئەوەی هەر قڕکەرێک لە ئێرانەوە بهێنرێت رێگەی پێ نادرێت، لە عێراق هیچ قڕکەرێکی ئێرانی تۆمارنەکراوە".
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی باسی ئەوە دەکات "دەرمان و قڕکەر و هۆڕمۆنەکان لە هەموو دنیا بەکاردەهێنرێن و پێویستە هەبن، لەبەرئەوەی رووەک و درەختەکانیش وەکو ئاژەڵ و مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەبن و بۆ چارەسەریان پیوستە ئەو دەرمانانە بەکاربهێنرێن، بەڵام بەو مەرجەی هەرکامەیان بەگوێرەی ئەو رێژەیەی رێگەی پێدراوە، بەکاربهێنرێت".
لەگەڵ ئەوەشدا شاڵاو جەمال دەڵێت: "تاوەکو دەستم بکەوێت بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی دەکڕم، لەبەرئەوەی بەرهەمی ناوخۆ لەڕووی تامەوە لە هاوردەکراوەکە بەتامترە و لەڕووی زانستیشەوە پێکهاتەی لەشی من لە پێکهاتەی ئەم خاکەیە کە بەرهەمەکە تێیدا گەشەی کردووە".
حکومەت دەبێ دەرمان بهێنێت
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی بۆ بنبڕکردنی ئەو دەرمان و قڕکەرە مەترسیدار و قەدەخەکراوانە پێیوایە: "نابێت رێگە بدرێت کۆمپانیا دەرمان هاوردە بکات و دەبێت حکومەتی عێراق خۆی دەرمان و قڕکەرە کشتوکاڵییەکان هاوردە بکات".
زیاتر روونیدەکاتەوە: "ئێستاش کە نووسینگەکانی دەرمان و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان ئەم دەرمانانە هاوردە دەکەن، ئێمە بەردەوام چاودێرییان دەکەین و ئەگەر دەرمانی قەدەخەکراو و مەترسیدارمان بینییەوە، دەستیان بەسەردا دەگرین".
"پێویستە یاسای تووند دابنرێت"
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی دەڵێت: "کاتێک نووسینگەیەک دەرمانی لێ دەگیرێت، یاسا زۆر هاوکار نییە، نووسینگەکە ماوەیەک دادەخرێت و دەکرێتەوە، پێویستە یاسایەک بەدەست ئێمە و دادگاش هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەیەوە سزایەکی گەورە بەسەر نووسینگەکەدا بسەپێنین".
شاڵاو جەمال گوتیشی: "پێویستە یاسایەک دەربکرێت بۆ ئەو کەسانەی دەرمان و قڕکەری کشتوکاڵی قەدەخەکراو دەهێنن، وەکو تلیاک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و هەمان سزایان بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام ئەوەی هەیە تەنیا داخستن یان ئاگادارکردنەوە و پێبژاردنێکە و هیچی دیکە".
لەناوبردنی قڕکەرەکان
شاڵاو جەمال لەبارەی لەناوبردنی ئەو دەرمان و مادە قڕکەرانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت گوتی: "ئێمە نایخەینە ژێر خۆڵەوە، ساڵانە دووجار داوا لە کوورەکانی چیمەنتۆی بازیان دەکەین هاوکارمان بن و ئەوانیش بەبێ بەرامبەر یارمەتیمان دەدەن، لەگەڵ دەرمانەکان لیژنەیەکی سەرپەرشتی دەنێرین و لەوێ بە هەموو پێوەرێکی زانستی لەناویان دەبەین".
سەبارەت بە شێوازی لەناوبردنەکەش رایگەیاند: "لەناو ئەو کوورانەدا بە پلەیەکی گەرمیی زۆر بەرز کە 700 بۆ 800 پلەیە دەسووتێنرێت، کارگەکانیش پێشکەوتوون و فیلتەریان هەیە، هیچ رێگەیەکی دیکەی زانستیتر لەم سووتاندنە لە دنیادا نییە بۆ لەناوبردنی".
زەردەشت عەبدولوەهاب، راوێژكاری كشتوكاڵی و ماستەر لە نەخۆشییەكانی رووەکیش باسی لەوەکرد داخوازیی هەموو نووسینگەکانی دەرمانە کشتوکاڵییەکان ئەوەیە؛ کوورەیەکی لەناوبردنی قڕکەر و دەرمان لە هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ ئەوەی کاتێک دەرمانەکانیان ماوەی بەسەرچوو، لەو شوێنە لەناوی ببەن و گوتیشی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان تائێستا ئەو ناوەندەمان نییە و کەسیش نییە ئەو دەرمان و قڕکەرانە لە نووسینگەکان وەربگرێت و لەناویانببات".
"هەموو جووتیارێک دەرمانی قەدەخەکراو ناڕشێنێت"
كامەران رەفیق، ئەندامی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووی پلاستیكی پێیوایە: "ناکرێ گشتاندن بکرێت بەسەر هەموو کێڵگە کشتوکاڵییەکان و بگوترێت ئەو دەرمانە قەدەخەکراوانە لە هەموو کێڵگەیەک دەڕشێنڕێن".
کامەران رەفیق دەڵیت: "جووتیاران خۆیان ئەو زانستەیان نییە کە دەرمانەکان بە چ شێوەیەک بەکاربهێنن، بەڵام زۆربەیان رێنمایی بەکارهێنان لە ئەندازیارە کشتوکاڵییەکانەوە وەردەگرن".
لەبارەی هەبوونی دەرمانە قەدەخەکراوەکانی ناو بازاڕیش، ئاماژەی دا: "ئەو دەرمانانە لەژێر بارەوە ناهێنرێن، بەڵکو لە گەراجی بەغداوە بە ئاشکرا دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، نەک لەژێر باردا ناشاردرێنەوە بەڵکو بارەکە لەژێر ئەوان دادەنرێت و بە یەک کارتۆن و دوو کارتۆنیش ناهێنرێت".
جووتیاران سەریان لێ شێواوە
ئەمیر دارا، جووتیارە و دەڵێت: "جووتیارێک سەری لەو هەموو دەرمان و قڕکەرە کشتوکاڵییە دەرناچێت کە لە بازاڕدا هەیە، بۆیە حکومەت دەبێت کۆنترۆڵی بکات، من بۆ چاندنی تۆوی خەیار بۆ خانووە پلاستیکییەکەم، سەرەتا لە پەینی پیتمۆسدا دەمناشت و دواتر دەمگواستەوە نێو خاکەکەم، کەچی بەهۆیەوە خاکەکەم تووشی کرمی نیماتۆد بوو".
ئەو جووتیارە گوتیشی: "داوای ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و حکومەت ئەوەیە؛ ئەو دەرمان و قڕکەرانەی دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، با پشکنینیان بۆ بکرێت. ئێستا بەهۆی ئەو نەخۆشییەی خاکەکەم لەڕێگەی پیتمۆسەوە تووشی بوو، بە ناچاری خانووە پلاستیکییەکانمم گواستووەتەوە شوێنێکی دیکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ