رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل دەڵێت، کێشەی دەروازەی خابوور چارەسەرکراوە و لە چەند کاژێری داهاتوودا هاتووچۆی گەشتیاران ئاسایی دەبێتەوە.
لە کاژێر 16:00ـی رۆژی دووشەممەوە، سیستمی دەروازەی سنووریی خابوور لەنێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان کێشەی بۆ دروستبوو، ئەوەش ئاستەنگی بۆ گەشتیاران دروستکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-01-2025، دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، کێشەکە تەکنیکی بووە و لە "دەروازەی خابوور لە دیوی تورکیاوە دروستبوو". دەشڵێت، کێشەکە بۆ ئەو گەشتیارانە دروستبوو کە دەیانویست بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بەهۆی ئەو کێشەیەوە، ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی سەتان گەشتیار و هاونیشتمانی دروستبوو، بەڵام هاتووچۆی بازرگانی ئاسایی بوو. دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل دەڵێت، لە سەرەتای کێشەکەوە بەردەوام لەگەڵ دەروازەی خابوور لەسەر هێڵ بوونە و ئەوانیش "بە خەمخۆرییەوە بەدەم کێشەکەوە بوون".
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل ئاماژەی بەوە کردووە، پێیان راگەیێندراوە کێشەکە چارەسەر کراوە و رێگەکە کراوەتەوە، لە چەند کاژێری داهاتووشدا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.
لە کۆمەڵگەی ئیبراهیم خەلیل- خابوور، رێگەی هاتن و چوونی گەشتیاران و بارهەڵگر جیایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ