رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جەهەپە کەسێكی کردە راوێژکاری خۆی کە پێشتر بەهۆی ئاڵای کوردستانەوە سووکایەتی بە پەرلەمانتارێکی جەهەپە کردبوو.
گۆکشەن ئانڵ ئوڵوکوش، ئەندامی پێشووی پارتی زافەر وەکو راوێژکاری کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە دەستنیشان کرا کە پێشتر بەهۆی ئاڵای کوردستانەوە سووکایەتی بە سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە کردبوو.
سەزگین تانریکوڵو رۆژی 6ی ئەیلوولی 2020 لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەبارەی ئەو گوتە ناشیاوانەی لەسەر ئاڵای کوردستان پۆست دەکران نووسی، "ئەو ئاڵایە کە پێی دەگوترێت پەڕۆ، ئاڵای فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە. ئاڵا شکۆی هەموو گەل و هاووڵاتییەکە کە لەژێر ئەو ئاڵایەدا دەژی. سووکایەتیکردن بە ئاڵا دوژمنایەتیکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتییە و قوڵ ناکرێت".
گۆکشەن ئانڵ ئوڵوکوش پۆستەکەی سەزگین تانریکوڵو ـی بڵاوکردەوە و لە تانریکوڵو ـی پرسی، "کەواتە کارت چییە لە نێو پارتێکی فاشیستی نەریتخوازدا کە ئەنجامدەری 'کۆمەڵکوژی دێرسیم' بوو؟ ئێمە کەسانێكی وەک تۆ بێشەرەف و بێنامووس و لایەنگری تیرۆرمان ناوێت لە پارتەکەی ئەتاتورکدا. هەموو خەباتی من بۆ ئەوە دەبێت کە تۆ لە حیزبەکەت دووربخرێیتەوە. سەزگین تانریکوڵو ـی بێشەرەف".
دوای دەستنیشانکردنی وەک راوێژکاری سەرۆکی جەهەپە، ئەو گوتانەی گۆکشەن ئانڵ ئوڵوکوش سەبارەت بە سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد مشتومڕی نایەوە.
ئوڵوکوش رۆژی سێشەممە، 4ی تەممووزی 2023 لەبارەی ئەو پۆستەی کە لە رابردوودا کردبووی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پۆستێکی بڵاوکردەوە و نووسی، "سەرباری ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە وەک سێزگین تانریکوڵو بیر ناکەمەوە، بەڵام بڕیارم دا کە دان بەوەدا بنێم زمانی قسەکانم راست نییە. من تویتەکەم لەبارەی سەزگین تانریکوڵو سڕیوەتەوە".
گۆکشەن ئانڵ ئوڵوکوش بە تێڕوانینی ناسیۆنالیستی ناسراوە و پێشتر سەرۆکی گشتی 'بزووتنەوەی ئای یڵدز' بوو کە بزووتنەوەی لاوانی پارتی زافەر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ