رووداو - هەولێر
سیستمی نوێی دابەشکردنی کارەبا لە یەکە نیشتەجێبوونەکان ناڕەزایەتی بەشێک لە دانیشتووانەکەی لێکەوتووەتەوە؛ دابەشکردنی کارەبا بە سیستمی پریپەیدە، کە کارەبایەکی 24 کاژێریی نیشتیمانییە و نرخی هەر کیلۆواتێک لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار بەرزبووەتەوە.
بەکر فارس، دکتۆری ددان دەڵێت، "پێش ئەوەی ببێت بە 24 کاژێری، 100 دۆلار بەشی دەکردم، هەندێکجار بۆ زیاتر لە مانگێکیش؛ بەڵام ئێستا نزیکەی 250 هەزارم داوە بۆ یەک مانگ، ئێمە تەنیا دوو کەسین لە ماڵەوە."
ریم کەریم، دەرمانساز ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونمان هەڵبژارد بۆ ژیان، تاوەکو کارەباکەمان 24 کاژێری بێت، بۆئەوەی بتوانین سپلیت و ئامێرەکانی دیکە بەکاربهێنین، بەڵام ئێستا ئەو پرۆگرامە نوێیە هاتووە. رۆژی جەژن 160 هەزار دینار کارەبامان هەبوو، لە جەژن چووینە دەرەوە و لە ماڵەوە نەبووین، رۆژی شەممەی پاش جەژن تەنیا 120 هەزار کارەبامان هەبووە، لە کاتێکدا ئێمە لە ماڵەوە نەبووین و نازانین ئەو پارەیە بۆ کوێ چووە."
لە 15ی مانگی ئایارەوە سیستمی پریپەید لە نزیکەی 30 پڕۆژەی نیشتەجێبوون، کە پڕۆژە گرانبەهاکانن، لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە و جگە لە پارەی کارەبا بۆ هەر 100 هەزار دینار 12 هەزار وەکو خزمەتگوزاریی پێدانی کارەبایە لەلایەن پڕۆژەی نیشتەجێبوون، واتە 12%.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "ئەمە پڕۆسەیە و بڕیار نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ئەزموونیی نموونەییە، چاودێریی دەکەین و فیدباکی دەرەنجامەکانی وەردەگرینەوە، ئەگەر گرفتێک هەبوو چارەسەری دەکەین و دواتریش بە هەنگاوی دیکە فراوانی دەکەین."
هەرێمی کوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 7000 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام 3800 بۆ 4000 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت؛ خواست لەسەر کارەباش بۆ سەرووی 5000 مێگاوات زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ