رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 12 و 30 خولەکی نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 05-07-2022، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا بۆردوومانی کەمپی مەخموور کرا و خانوویێکی نێو کەمپەکە کرایە ئامانج. لە بۆردوومانەکەدا جگە لە زیانی ماددی، ژنێکی دانیشتووی نێو کەمپەکە برینداربوو.
نەجمەدین عومەر، ماڵەکەی لە کەمپی مەخموورەوە نزیکە، ئەو هەمیشە شایەتحاڵی بۆردوومانەکانە. لەبارەی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆوە دەڵێت، "ترسمان زۆر لەسەرە.. هەر کاتێک کە بۆردوومان دەکرێت منداڵەکانمان لە خەو رادەپەڕن.. دەبێت حکومەتی عێراق چارەسەر دۆخەکە بکات."
کەمپی مەخموور کە دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن، "کەمپی شەهید رۆستەم جودی"، تایبەتە بە هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان و لە 1998وە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور دروستکراوە. کەمپەکە لەلایەن لیژنەی پەنابەرانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەگوێرەی ئامارەکانیان نزیکەی 10 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن.
لە دوای 2017 و نەمانی دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا، ئەوە 10یەمین جارە کەمپی مەخموور لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان دەکرێت.
ئەوکاتەی تورکیا کەمپی مەخمووری بۆردوومان کرد، فەرماندە سەربازییە باڵاکانی عێراق لەو قەزایەبوون، بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنی ناوچەکە کە پێکهاتبوون لە سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق، سەرۆک ئەرکانى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، یاریدەدەرى ئەو فەرماندەییە و فەرماندەى هێزى وشکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ