بافڵ تاڵەبانی دژەتیرۆری سلێمانی خەڵات دەکات

05-06-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن بافڵ تاڵەبانی یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی رۆژنامەڤانی بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردەوە، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری سلێمانی خەڵات کردووە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی دووشەممە 5ـی حوزەیرانی 2023 لە فەیسبووکی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی دژەتیرۆر کۆبووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ‎لە کۆبوونەوەکەدا وەهاب هەڵەبجەیی پلان و ستراتیژی هەواڵگری و سەربازیی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەکان و هاوپەیمانان خستووەتەڕوو؛ ‏‎لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی، "ئێوە نموونەی فەرماندەی دڵسۆز و بەئەمەکی کوردستانن و مێژوویەکی پڕ لە شانازیتان تۆمارکردووە؛ چالاکییەکانتان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و خەڵکە خۆشەویستەکەی گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندوونەناسیی ئێوەیە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە؛ سەرۆکی یەکێتی خەڵاتی رێزلێنانی داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆر لەبەرامبەر "هەوڵ و قوربانیدانەکانیان لەپێناو خاکی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەی".
 
خەڵاتکردنی بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری سلێمانی لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە (5-6-2023) دادگەی تاوانی هەولێر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ شەش کەس لەوانە دەرکرد کە تۆمەتبار بوون بە کوشتنی عەقید هاوکار جاف لە شاری هەولێر؛ یەکێک لەوانیش وەهاب هەڵەبجەیی، سەرۆکی دژەتیرۆری سلێمانی بوو.
 
محەممەد جاف، برای عەقید هاوکار جاف، دوێنێ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوانەی ئەمڕۆ بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، ئەوانەن کە جێبەجێکاری راستەوخۆی پلانی کوشتنەکەن و ئەوانەی ماون، ئەوانەن کە چاودێری و بەدواداچوونیان کردووە و لەداهاتوودا بڕیاریان بۆ دەردەچێت".
 
بەپێی گوتەی بنەماڵەی هاوکار جاف، ئەو کەسانەی دوێنێ سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو پێکدێن لە:
 
وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی
کارزان محەممەد رەشید، بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی
وریا خالید عەلی، ئەفسەر 
لەشکر محەممەد حەسەن، ئەفسەر
عاسی رەشید حوسێن، ئەفسەر
لوئەی محەممەد رەزا، فەرماندەی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی لە گەرمیان
 
نیوەڕۆی رۆژی هەینی 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەگوێرەى نووسراوەکە ئەو شەش کەسە ئاگادارکراونەتەوە، ئەگەر لە داهاتوودا ئەو کارە دووبارەبکەنەوە، رێوشوێنى یاسایى لە دژیان دەگیرێتەبەر.

لە کەرکووک شەش کارمەندی کورد بەهۆی پۆستێکی فەیسبووک سزادەدرێن

شەش کارمەندى کوردى کۆمپانیاى گازى باکوور لە کەرکووک بەتۆمەتى ئەوەى لایکیان لە پەیجێکى تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک کردووە، سزاى ئاگادارکردنەوە دەدرێن.