رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئامانج لە سەردانەکەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و تارانە. چاوەڕێ دەکرێت نێچیرڤان بارزانی چەند مژارێک لەگەڵ بەرپرسانی هەرە باڵای ئێران تاوتوێ بکات، لەوانەش دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لەو ململانێ هەرێمیانەی کە ئێران جەمسەرێکی سەرەکییانە.
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری سەنتەری فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان "زۆر زۆ باشە"، چونکە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەی ئابوورییەوە سوودی لێ وەردەگرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو توێژەرە پێی وایە، "ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران یەکسانە بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ بەشێکی زۆر لەو ئەکتەرە عێراقییانەی ئێستا بوونەتە هەڕەشەیەکی ستراتیژی لەسەر کیانی هەرێمی کوردستان."
دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، دوو ساڵ و نۆ مانگ لەمەوبەربوو. لەو هەزار و چوار رۆژەدا، ئێران دوو جار بە بیانووی هەبوونی پێگەی مۆسادی ئیسرائیلی هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر هەولێر، تۆمەتێک کە هەردووجار لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێندراو لە لایەن حکومەتی عێراقەوە رەتکرایەوە.
یەکەمیان لە 13ی ئاداری 2022 بوو بۆ سەر ماڵی شێخ باز بەرزنجی، گەورە بازرگان و خاوەنی کار گرووپ.
دووەمیان لە 15ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بوو؛ یەکێک لەو شوێنانەش بە چەندین مووشەک کرایە ئامانج ماڵی پێشڕەو دزەیی، خاوەنی فالکۆن گرووپ بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی خۆی، کچێکی ساوا و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی.
هەروەها لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران لانیکەم 18 جار هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر.
لەوانەش 8 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 10 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر.
هەرێمی کوردستان بەردەوام رەتیکردووەتەوە رێگە بە دروستبوونی هەڕەشە لە خاکەکەیەوە بۆ سەر ئێران بدات.
لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، "کۆماریی ئیسلامیی ئێران وەک وڵاتێکی دراوسێ، گرنگیی زۆری هەیە بۆ ئێمە. هیوادارین پەیوەندییەکانمان بەردەوامبن لە بەرەوپێشچوون. شایەنی باسە کە هەر کاتێک پێویستمان بە یارمەتی بوبێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتی داوین. لە رابردوودا بەردەوام گوتوومانە و ئێستاش هەڵوێستی خۆمان دووپاتیدەکەینەوە، هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی، بە دیاریکراویش کۆماری ئیسلامیی ئێران."
سەردانەکە لە کاتێکدایە، سەرەتای هەفتەی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باسی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد.
رۆژی 22ی مانگی رابردووش لە هەولێر لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
محەممەد بەیهان، پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، "دەستپێشخەرییەکانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەپێناوی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، پێم وایە هەوڵی بەهادار و زۆر باشن، چونکە هەر شوێنێک بیرکردنەوە و دیالۆگی لێ نەبێت، تیرۆر و دووژمنداری تێیدا زیاد دەکات. ئێمە لەم جۆرە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانەی بەڕێز بارزانییەوە تێدەگەین کە ئەو لەبری دووژمنداری، برایەتی دەوێت؛ هەروەها لەبری شەڕ، ئاشتی دەوێت. ئەم هەوڵانەی بەڕێز بارزانی کە بناخەکەیان ئاشتییە، لەو باوەڕەدام خۆشەویستیی تەواوی ئەو خەڵکانە بەدەستدەهێنێت کە لە ناوچەکەدا دەژین."
نێچیرڤان بارزانی، ئەو سەرۆکەی لە نێوخۆدا هاوپەیمان و ئۆپۆزیسیۆن و لەدەرەوەش تەبا و ناتەبا، گەواهی لەسەر رۆڵی لە بەرقەراکردنی ئاشتەواییدا دەدەن، لەم سەردانەیدا لە نزیکەوە نیگەرانییە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسانی تاران دەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ