تورکیا: بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی شارەکە راگیراون

05-04-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی "زیادبوون"ی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە سلێمانی، لە 3ی نیسانەوە تاوەکو 3ی تەممووزی داهاتوو، ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا دادەخات.
 
تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی نیسانی 2023 سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی سلێمانی رایگەیاند، "لە سێی نیسانەوە ئاسمانی تورکیا بە رووی بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی عێراق گەشت دەکەن." 
 
سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکەش، تانژو بیلگیچ رایگەیاندووە: "لەچوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی 'رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە' لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو بریارە دراوە." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، "لە قۆناخی یەکەمدا بڕیارەکە تاوەکو 3ی تەممووزی 2023 کارا دەبێت. لە ژێر رۆشنایی ئەو پێشهاتانەدا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، کە تا ئەو رێککەوتەی ئاماژەی پێکراوە لە نزیکەوە چاودێری دەکەین."
 
شەوی دووشەممە 03-04-2023، هەندرێن هیوا موفتى، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 7:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەو گەشتانەیان کە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە و کاژێر 10ی شەو بوو، تاوەکو کۆتایی مانگ راگرتووە، ئەو گەشتەی دیکەیان کە چواری بەرەبەیان بوو تاوەکو 5ی ئەم مانگە رادەگیرێن."   
 
رۆژی سێشەممە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، "تورکیش ئێرلاین راگرتنی گەشتەکانی بۆ 11-04-2023 درێژکردووەتەوە."    
 
هەر سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، رۆژی سێشەممە 04-04-2023، جیهاد کازم، بەرپرسی راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگادارین گەشتەکان بۆ سلێمانی راگیراون، بەڵام هێشتا وەڵامی هۆکارەکەمان پێنەگەیشتووە."
 
لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە و لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کۆبوونەوە و بە نووسراوی فەرمی داوای روونکردنەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستیان کردووە.
 
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی کە ئەندامی لیژنەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی بەدواداچوونەکانمان هیچ کێشەیەکی هونەری و ئیداری لەلایەن فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە نییە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ئەمەیان سەلماندووە."
 
سەبارەت بە سەرچاوەی بڕیارەکەش، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتی، "بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە دراوە بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا و فەرمانیان پێکردوون هەموو گەشتێکی هاتن و رۆیشتن بەسەر ئاسمانی تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی قەدەخە بکەن." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە