رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکى کەمى داهاتوو لە دەشتێکی فراوانی کشتوکاڵییەوە لە بازیانی سنووری سلێمانی، هەزاران تۆن بەرووبومى سەوزە و میوە دەخرێتە بازاڕەوە، بەرهەمێک کە زۆرینەى بە دەرمان و قڕکەری کشتوکاڵى پێدەگەیەنرێت.
ئازاد حەمە عەلی، جووتیارێکى نموونەییە و 30 ساڵە سەروکاری لەگەڵ کشتوکاڵ و خانووى پلاستیکییە، بەمشێوەیە باسی بەکارهێنانی دەرمانی کشتوکاڵی دەکات "چەندین جۆر دەرمان لە چین و کۆریا (ـی باشوور)ـوە هاتوونەتە کوردستان. جووتیارى وا هەیە خوێندەوارى نییە و بۆ ئەوەى مێرووەکە بکوژێت لەخۆیەوە بەکارى دەهێنێت، نە چاودێری بەسەرمانەوە هەیە، نە کەس لێمان دەپرسێتەوە".
تیمی رووداو بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، چوونەتە نێو بازاڕێکی سلێمانی، کە ناونیشانى دەیان نووسینگەى پێداویستى کشتوکاڵى لێ نووسراوە؛ هەر دەرمان و قڕکەرێکی کشتوکاڵیت بووێت، لەو بازاڕە دەستدەکەوێت.
قادر عەبدوڵڵا، خاوەنى نووسینگەى کشتوکاڵى دەڵێ "من، ناتوانم لەخۆمەوە دەرمان بە جووتیار بدەم، چونکە هۆشداریمان پێدراوە و لیژنەکانى قایمقامییەت هەفتانە لێمان دەپرسنەوە".
ئیکرام ناسیح، ئەندازیارى خۆراک دەڵێ "رەنگە زۆرجار خراپیی بەرهەم بۆ دەرمان نەگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ جۆر و شێوازى ئاودان یان بەکارهێنانى ئاوى پیسەوە بێت".
لە هەردوو وەزرى پاییز و زستان، نیوەی زیاترى پێداویستیى عێراق لە کوردستان و بەتایبەتی لە سلێمانییەوە دابین دەکرێت. سلێمانیش زۆرینەى بەرهەمەکانى لە رێگەى ئێرانەوە بۆ دێت، بەرهەمێک کە مەگەر پشکنینى کیمیایى بزانێت چۆن بەرهەمهێنراوە.
سەروەر عەلى، سەرۆکى سەندیکاى عەلوەى سلێمانى دەڵێ "من، داوا لە حکومەت دەکەم کارى پشکنینى تاقیگەییی بباتە سەر سنوور، چونکە بەرهەمێک کە هاتە عەلووە، ئەنجامەکەى خراپیش بێت، هەر بەکاردەهێنرێت".
دوو ساڵە تاقیگەیەک لەنێو عەلووەى سلێمانى پشکنینى، فیزیایی، کیمیایی و بەکتریایی بۆ سەوزە و میوە دەکات، کە تیمەکەی رووداو چوون؛ بارێک خورمایان لە بەسرەوە بۆ هاتبوو، "ژمارەى کرمەکانى نێوی، لە خورماکان زیاتر بوو".
هێما ئاسۆ، ماستەر لە زانستى خۆراک دەڵێ "خورما لە کارهێنانیدا زۆرجار راستەوخۆ دەخرێتە دەم، مرۆڤ تاوانى چییە کە نازانێت ناوەوەى چی تێدایە. ئەم خورمایەى ئێستا (پشکنینی بۆ دەکەین) هەر بە کارتۆنەکەیدا دیارە چەند خراپە".
ساڵى رابردوو، تاقیگەکە ئەنجامى پشکنینەکانى هەرچۆن بووایە، تەنیا لەسەر کاغەز تۆماردەکرا، بەڵام بەڕێوەبەرەکەى دەڵێت، "ئیدی بەرهەمى خراپبوو، بۆ لەنێوبردن دەنێرین بۆ قایمقامى سلێمانى".
دکتۆر گزنگ محەممەد، بەڕێوەبەرى تاقیگەى کشتوکاڵیی عەلووەى سلێمانى گوتی "ساڵى پار زۆربەى بەرهەمەکانی وەک تەماتە، بیبەر، باینجان و بامییە خراپ بوون و نەماندەتوانى هیچیان لێ بکەین، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە باشترە".
جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سلێمانیش، دڵنیایی بەکارهێنانیان بە خەڵک دەدات.
جووتیار خالید، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سلێمانی گوتی "من، دڵنیایى دەدەمە خەڵک؛ بەرهەمى جووتیارانى خۆمان تەندروستە و لە هەر جێگەیەکیش سەرپێچى خراپبەکارهێنان و بەرهەمهێنانى بەرهەم پێبزانین، رێگەى لێدەگرین".
پلانى حکومەتی هەرێمی کوردستان وەهایە؛ کشتوکاڵ لە کوردستان بکاتە یەک لە جێگرەوەکانى نەوت، پلانێک کە رەنگە تا دەگاتە ئەنجام، چەندین ساڵ و سەرئێشەى پێویست بێت.
بەرنامەی لەگەڵ رەنجی 5-3-2023 تایبەت بوو بەم باسە و تێیدا بە وردی باسی کێشەکانی کەرتی کشتوکاڵ و بەکارهێنانی قڕکەر و دەرمانە رووەکییەکان کرا:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ