رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە رێگەکە دووساید نییە، بەڵام ئۆتۆمبێل سێ، سێ بەسەریدا تێپەڕدەبن؛ ئەمە حاڵی تاکە بەشی دووسایدنەکراوی رێگەی دهۆک - هەولێرە، کە نزیکەی نیوەی قوربانییەکانی رووداوی هاتووچۆی پار، لەسەر ئەو رێگەیە تووشی رووداو بوون.
تەحسین تەها، شۆفێرێکە رۆژانە بەسەر ئەو رێگەیە هاتووچۆ دەکات و بە بینینی رووداوی هاتووچۆ راهاتووە. ئەو قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "رۆژانە دووجار بەسەر ئەو رێگەیەدا دێم و دەچم، ئەگەر هەر هیچ نەبێت، رۆژانە رووداوێکی هاتووچۆی لەسەر دەبینی."
شۆفێرەکە هەروەها باسی ئەوە دەکات رێگەکە گەورەیە و زۆر لۆفەی تێدایە، "پێش ماوەیەک لەسەر لۆفەیەک، ژنێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا."
رێگەکە لە بازگەی ئێتیتی تاوەکو ناحیەی باعەدرێ بە درێژایی 26 کیلۆمەتر نەبووەتە جووتساید.
پار، 175 رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگەی دهۆک روویاندا، 22 کەس گیانیان لەدەستدا، نزیکەی نیوەیان لەسەر ئەو رێگەیە بوون.
تەمەر، جگەرسووتاوی ئەو رێگەیەیە، دوو کوڕی گەنجی لە یەک رووداو و یەک ساتدا لەدەستدا. هەرچەندە سکاڵای لەدژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و رێگە و پرد کردووە، بەڵام سکاڵاکەی هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
تەمەر بێسفکی، باوکی دوو قوربانییەکەی رووداوی هاتووچۆ دەڵێ "لەو رووداوەدا من دوو کوڕی خۆمم لەدەستدا. هەموو ئەوانەی لە رووداوەکە گیانیان لەدەستدا بوونە حەوت کەس لە سێ ئۆتۆمبێلدا؛ دووانیان کوڕی من بوون، دووانی دیکەیان هاوڕێیان بوون."
باوکی دوو قوربانییەکە باس لەوە دەکات رووداوەکە ژیانی لێ سەراوژێر کردووە، دەڵێ "حەزناکەم کەسی دیکە لەو رێگەیە گیان لەدەستبدات."
بەڕێوەبەرایەتیی رێگە و پرد باسی ئەوە دەکات لای ئەوان هەموو شتێک کۆتایی هاتووە و تەنیا چاوەڕێی پارەدارکردنن بۆ ئەوەی دەست بە دووسایدکردنی رێگەکە بکرێت.
ئەندازیار خەدیجە، بەڕێوەبەری رێگە و پرد لە دهۆک گوتی "رێگەی دهۆک بۆ باعەدرێ، کە بەشێکە لە رێگەی سەرەکیی دهۆک بۆ هەولێر، زیاتر لەلایەن ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگرەوە بەکاردێت."
گوتیشی "درێژایی 26 کیلۆمەتر، لای ئێمە پێوانەکردن و دیزاینی بۆ کراوە و کارگێڕیی پارێزگەی دهۆکیش چونکە دەبینێت پرۆژەیەکی گرنگە، بەردەوام هەوڵدەدات گوژمەیەکی بۆ پەیدا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."
لەو 26 کیلۆمترە، سێ کامێرای چاودێریی بۆ پێوانەکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل جێگیرکراون و زۆرجار دەبنە چوار کامێراش، بەڵام رووداوەکان هەر بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ