فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و 270 هەزار گەشتیار سەردانیان کرد

04-11-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن فێستیڤاڵی هەنار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ئێوارەیە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، "270 هەزار هاووڵاتی بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەکە سەردانی هەڵەبجەیان کرد" و سەرۆکی تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجەش دەڵێت، "سەرباری دۆخی خراپی دارایی، لە ماوەی سێ رۆژدا زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دینار فرۆش هەبووە."
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2023، فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و ئامادەکارانی فێستیڤاڵەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا ژمارەی سەردانیکەران و بڕی فرۆشتنی بەروبوومەکانیان خستەڕوو.
 
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتی، "فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە گەورەترین فێستیڤاڵی لەو جۆرەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و پلانمان هەیە ساڵی داهاتوو بیکەین بە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی."
 
ستار مەحموود رایگەیاند، "زیاتر لە 116 دەزگای راگەیاندنی نێوخۆیی، عێراقی و نێودەوڵەتی رووماڵی فێستیڤاڵەکەیان کرد و نزیکەی هەزار راگەیاندنکار هاوکار بوون بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزەی هەڵەبجە."
 
هاوکات، چیا قاسم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە رایگەیاند، "بە شێوەیەکی زانستی ئامارەکانمان کۆکردووەتەوە و تیمەکانمان لە هەردوو بازگەی زەمەقی و دەرەشیش جێگیر کرابوون بۆ کۆکردنەوەی ئاماری گەشتیاران و سەردانکەران."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ژمارەی سەردانکەرانی نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزەی هەڵەبجە 270 هەزار کەس بووە.
 
لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا سەرۆکی تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە گوتی، "سەرباری دۆخی خراپی دارایی، ئەم ساڵ ژمارەی سەردانیکەران و فرۆشی بەروبوومەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بوو."
 
عاسی فایەق، سەرۆکی تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە رایگەیاند، "ئەم ساڵ 750 یەکەی رێکخراومان هەبوو کە لە 900 پیشەوەر، خاوەن باخ و جووتیار پێکهاتبوون و 46٪ـیان ئافرەت بوون. 20٪ـی دەرفەتی بەشداریکردن درابوو بە خاوەن پیشە و باخدار و جووتیارانی دەرەوەی پارێزگای هەڵەبجە."
 
بە گوتەی سەرۆکی تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە، "لە ماوەی سێ رۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەدا بایی یەک ملیار و 350 ملیۆن دینار بەروبووم فرۆشراوە، بە جۆرێک لە رۆژی یەکەمدا بایی 300 ملیۆن دینار، لە رۆژی دووەم بایی 650 ملیۆن دینار و لە رۆژی سێیەمیش بایی 400 ملیۆن دینار."
 
نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی چوارشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد و 50%ـی شوێنی فێستیڤاڵەکە تایبەت بوو بە هەنار و ئەو بەرهەمە خۆماڵیانەی کاتی پێگەیشتنیانە؛ نیوەکەی دیکەی تایبەتە بوو بە کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکان. جگە لە هەنار، گوێزی هەورامان، توو، سرکە، هەنگوین، دۆشاو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە نمایش کران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە