رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، بودجەی پێویست بۆ ژیاندنەوە و پاراستنی دەریاچەی زرێبار تەرخانکراوە. چالاکڤانانی ژینگەی مەریوانیش رەخنە لەو دامەزراوەیە دەگرن کە چەندین ساڵە تەنیا بەڵێن دەدات و بودجە بۆ پاراستنی زرێبار تەرخان ناکات.
موجتەبا زۆلجەودی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە بۆ کاروباری دەریاچە و زەلکاوەکان، رۆژی 03-09-2022 سەردانی مەریوانی کرد و گوتی، پلان دانراوە بۆ ئەوەی کێشەکانی ئیکۆسیستمی دەریاچەی زرێبار نەهێڵین یان کەمیان بکەینەوە و رێگەش نەدەن دەریاچەکە لەنێو بچێت و ئاوەڕۆ بڕژێتە نێوی.
ئەوە لە کاتێکدایە چالاکڤانانی ژینگەی مەریوان دەڵێن، بودجە بۆ کێشەکانی دەریاچەی زرێبار تەرخان ناکرێت. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر بودجە تەرخان بکرێت، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان خێراتر دەبێت، توێژینەوە لەسەر دەریاچەکە زیاتر دەبێت و رێگریکردنیش لە پیسبوون و شێواندنی ژینگەی دەریاچەکە باشتر دەبێت.
لە سێ رۆژی رابردوودا دوو جار قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار ئاگری گرتووە و بەپێی راپۆرتی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە، 56 هێکتار قامیشەڵان و زەوی کشتوکاڵی سووتاوە.
دەریاچەی زرێباری مەریوان هەزار و 200 هێکتار قامیشەڵانی هەیە. لە قامیشەڵانەکاندا دەیان جۆر باڵندە هێلانەیان هەیە و هەروەها زۆر ئاژەڵی دیکەشی تێدا دەژین.
دەریاچەی زرێبار بەهۆی وشکەساڵییەکان، کشتوکاڵی دەورووبەری دەریاچەکە، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، سووتانی قامیشەڵان و بەگوتەی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، خراپبەڕێوەبردنی کاروبارەکانی لە لایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە.
هەروەها ئاوەڕۆی هەندێک لە گەڕەک و گوندەکانی نزیک دەریاچەی زرێبار و هەندێ لە شوێنە گەشتیارییەکانیش بوونەتە مەترسی بۆ سەر دەریاچەکە.
عیسا کەڵانتەری، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ساڵی 2018 سەردانی مەریوانی کرد و بەڵێنیدا 2 ملیار تمەن بۆ باشکردنی ئاوەڕۆ تەرخان بکات، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە، هێشتا ئەو پارەیە دابین نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ