رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان 32 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەستگیر کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وان، کە ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تەممووزی 2023 بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای وان 33 کەس دەستگیر کراون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وان دەڵێت، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە لە رۆژانی 1 تاوەکو 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ لەلایەن تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سنووری ئەو پارێزگایە کراون، 32 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە و یەک کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ گولەنییەکان دەستگیر کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەبەر، کە دەستگیر کراون.
لە باکووری کوردستان و تورکیا، هێزە ئەمنییەکان بە پاساوی لایەنگیریی "پەکەکە" ماوە ماوە هاونیشتمانییان و سیاسەتڤانانی کورد دەستبەسەر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ