رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، لەمەودوا رۆژانە دوای دەوامیش مۆڵەتی هەناردەکردن دەدەنە جووتیاران.
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵ لە هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەمەودوا رۆژانە چەند فەرمانبەرێکمان تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە کار دەکەن و مۆڵەتی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵی دەدەنە جووتیاران."
هەر بارهەڵگرێک کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەرهەم بگوازێتەوە شارەکانی دیکەی عێراق، دەبێت رێگەپێدانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵی هەبێت. هۆشیار جەلیل دەڵێت، "کاتی دەواممان زیاتر کرد، چونکە ئەوە خواستی جووتیاران بوو. نامانەوێت بەرهەمی ئێوارانیان تاوەکو بەیانی بمێنێتەوە."
بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵ لە هەولێر گوتی، ئێستا رۆژانە نزیکەی 300 بارهەڵگر لە چوار تۆنییەوە بۆ 20 تۆنی بەرهەمی نێوخۆ دەبەنە شارەکانی دیکەی عێراق.
پەتاتە، پیاز، شوتی، کولەکە، خەیار، کەلەرم، باینجان، بیبەر، ترۆزی، شووتی، کاڵەک، قەیسی و گێلاس ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەن ئێستا لە عەلوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەفرۆشرێن؛ بەشێک لەوانە بەهۆی زۆریی بەرهەمەوە هەناردەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێن، بەتایبەت پەتاتە، پیاز و شووتی.
هاوین وەرزی زێڕینی پێگەیشتنی سەوزە و میوەی نێوخۆی کوردستانە؛ لەو وەرزەدا زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی لە نێوخۆ بەرهەم دەهێندرێن، هاوردەکردنیان قەدەخە دەکرێت یان باجی زۆریان دەخرێتەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ